قایمقامی دەربەندیخان: پارە بۆ رێگەی زەڕایەن – دەربەندیخان خەرج نەکراوە و پرۆژەکەش بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ

وێڕای خەرجنەکردنی پارە بۆ پڕۆژەکە، قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت، کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامە لە کارەکانی و سەرقاڵی رێککاری و بڕینە بۆ رێگەی دووسایدی دەربەندیخان - زەڕایەن.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پرۆژەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هێشتا پارەی بۆ خەرج نەکراوە."
 
سەرەتای نیسانی ئەم ساڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر نووسراوێک کرد، کە تایبەت بوو بە دووسایدکردنی رێگەی نێوان قەزای دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن.
 
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناخی قیرتاوکردن، نەبوونی پارە پڕۆژەکەی رانەگرتووە، بەڵام بۆ خێراکردنی کارەکان خەرجکردنی پارە پێویستە."
 
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 4459 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەربوو، تێیدا هاتبوو، "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی رووداوی هاتووچۆ، رەزامەندیی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران وەرگیرا بە دووسایدکردنی رێگەی نێوان (زەڕایەن - دەربەندیخان) لە چوارچێوەی فەرمانی گۆڕانکاریی پڕۆژەی رێگەی کەلار – سلێمانی."
 
پڕۆژەکە ستراتیژییە و بە تەواوبوونی تەواوی رێگەی کەلار بۆ سلێمانی دەبێتە دووساید.
 
رێگەی نێوان دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن، جگە لە دانیشتووانی هەردوو سنوورەکە، رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیشە بۆ سلێمانی و دەوروبەری.