کێشەی مووچە؛ ئەو کێشەیەی هەموو حیزبەکان لە کارنامەکانیاندا هەوڵ بۆ چارەسەری دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
کێشەی مووچە خاڵی هاوبەشی کارنامەی هەموو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، هەموویان لە پارتە حکومڕانەکانەوە تاوەکو ئۆپۆزیسیۆنەکان رێگەچارەی تایبەتیان بۆ پێشنیاز کردووە.
هەموو پارتە سیاسییەکان لە کارنامەکانیاندا بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە مووچەیان داوە.
بەڵێنی پارتی دیموکراتی کوردستان "کۆتایی هێنانە بە بیانووی بڕینی مووچە" و جەختی لەسەر کارکردن لەپێناوی دابینکردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ کردووەتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کارنامەکەیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و مسۆگەرکردنی داوای رێککەوتنی نووسراو دەکات، دەیەوێت کێشەکە بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان چارەسەر بکرێت و بەکارنەهێنانی پرسی مووچە وەکو کارتی گوشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کارنامەکەیدا بۆ پرسی مووچە، جەختی لەسەر یەک خاڵ کردووەتەوە، ئەویش کۆتایی هێنانە بە کێشەی مووچە و گرفتەکانی دواکەوتنی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە رێگەی بەجێکردنی مووچەوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بڕوای بە "یەكلاییكردنەوەی پرسەكانی نەوت و مووچە و بودجەیە لە چوارچێوەیەكی یاسایی ناچاركەردا" و پاراستنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیدا، بە شێوەیەک كە لەگەڵ دەستووردا بگونجێت و بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی لەناو دەوڵەتی فیدراڵیدا بەهێز بكات.
بۆ پرسی مووچە، رەوتی هەڵوێست جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی کردووەتەوە و بە گونجاوترین بژاردەی داناوە، وەک ئاماژەی بۆ کردووە، "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق بە هەمان شێوە و کات و میکانیزم مووچەی خۆیان وەربگرن."
کۆمەڵی دادگەری کوردستان بەڵێنی "هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ عێراق" داوە، بەشێوەیەک کە پێدانی قەرز و پێشینانەکانیش فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان: بیانووی بڕینی مووچە کۆتایی پێدەهێنین
پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و، گەرەنتیکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک کاری سەرەکی دیاری کردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە درووشمی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان"ـە، دەیەوێت ئەو درووشمانە بکاتە بنەما تاوەکو بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک مافێکی بنەڕەتیی دەستووری و یاسایی گەرەنتی بکرێت.
پارتی بەڵێنی "کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی سیاسی و بیانووگرتن بۆ بڕینی مووچە و بژێوی هاووڵاتییان"ی داوە و جەختی لەسەر کارکردن لەپێناوی دابینکردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ کردووەتەوە.
حیزبەکە بڕوای وایە، شایستە دارایییەکان، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، مافی بنەڕەتیی نکۆڵینەکراوی دەستووری و یاسایین، نەک بەخشین و لاڵانەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ مووچە داوای رێککەوتنی نووسراو دەکات
پرسی مووچە لای یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش جێگەی بایەخە و حیزبەکە داوای "پشکێکی دادپەروەرانە بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا" دەکات، رێککەوتنی نووسراو بۆ مسۆگەرکردنی بە پێویست دەزانێت.
"دانانی چارەسەری ریشەیی بۆ بابەتی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و رێگەنەدان بە دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە رابردوودا روویدا سەبارەت بە چۆنیەتیی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان" یەکێکی دیکەیە لە بەڵێنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
یەکێتی کار دەکات بۆ "مسۆگەرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی بەپێی پێوەرەکانی دادپەروەری، لەگەڵ خەرجکردنی شایستەکانی کوردستان لە پلانەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی گەشەپێدانی بەردەوام."
یەکێتی دڵنیایی دەدات کە لە رێگەی هەردوو فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵییەوە کار دەکات، "بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و بەکارنەهێنانی پرسی مووچە وەکو کارتی گوشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە تەنیا زیانمەند فەرمانبەر و خانەنشینی کوردستان دەبێت."
نەوەی نوێ: کۆتایی بە کێشەی مووچە دەهێنین
جووڵانەوەی نەوەی لە کارنامەکەیدا بۆ پرسی مووچە جەختی لەسەر یەک خاڵ کردووەتەوە، ئەویش کۆتایی هێنانە بە کێشەی مووچە و گرفتەکانی دواکەوتنی لە هەرێمی کوردستان.
نەوەی نوێ بەڵێنی بەجێکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەکانەوە داوە و رایگەیاندووە،"بەشداریی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکەین و لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەین."
یەکگرتوو بۆ چارەی کێشەی مووچە هێشتا چاوی لە بڕیاری دادگەی فیدراڵییە
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چارەسەركردنی "كێشەكانی مووچە و بەرزكردنەوە و پلەبەندی بۆ فەرمانبەران"ـی کردووەتە یەکێک پاکێج لە کارنەمەکەیدا.
یەکگرتوو بڕوای بە "یەكلاییكردنەوەی پرسەكانی نەوت و مووچە و بودجەیە لە چوارچێوەیەكی یاساییی ناچاركەردا" و پاراستنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیدا، بە شێوەیەک كە لەگەڵ دەستووردا بگونجێت و بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی لەناو دەوڵەتی فیدراڵیدا بەهێز بكات.
یەکگرتوو بەڵێنی کارکردنی بۆ پابەندبوون بە جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییە تایبەتەكانی هەرێمی کوردستان داوە، وەک: بودجە، مووچە، نەوت و گاز، هێزی پێشمەرگە لەگەڵ رەتكردنەوەی هەر رێكارێكی تاكلایەنە كە كاریگەری لەسەر دەسەڵاتەكانی هەرێمی کوردستان و مافەكانی هاونیشتمانیان هەبێت.
بەشێکی دیکەی کارنامەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تایبەتە بە "دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە بە شێوەیەك كە "دادپەروەری و شەفافیەت لە مامەڵەی كارگێڕیدا بەهێز بكات."
رێكخستنی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، دڵنیابوون لە ماف و شایستە داراییەكانی هاونیشتمانیان و نەبەستنەوەی مووچە بە ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشێکی دیکەی بەڵێنەکانی یەکگرتووە.
رەوتی هەڵوێست: پشتیوانی لە بەجێکردنی مووچە دەکەین
بۆ پرسی مووچە، رەوتی هەڵوێست جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کردووەتەوە و بە گونجاوترین بژاردەی داناوە، وەک ئاماژەی بۆ کردووە، "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق بە هەمان شێوە و کات و میکانیزم مووچەی خۆیان وەربگرن". هاوکات پشتیوانی لە بەجێکردنی مووچە (طوطین) دەکات و پێی وایە، بەو هەنگاوە گرفتی پلە بەرزکردنەوەش چارەسەر دەبێت.
رەوتی هەڵوێست لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لە چارهسهركردنی بنهڕهتیی مافی فهرمانبهرانی گرێبهستی ههرێمی كوردستان له چوارچێوهی بودجهی گشتی عێراقدا کردووەتەوە.
هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران لەگەڵ عێراق بەڵێنی کۆمەڵی دادگەرییە
"دەرهێنانی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق" بەڵێنی کۆمەڵی دادگەری کوردستانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و وەک لە کارنامەکەیاندا هاتووە، ئامانجیانە " فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبن و وەک فەرمانبەرانی تری عێراق مووچەکانیان لەکاتی خۆیان وەربگرن."
کۆمەڵی دادگەری کوردستان بەڵێنی "هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ عێراق" داوە، بەشێوەیەک کە پێدانی قەرز و پێشینانەکانیش فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی کارنامەکەی کۆمەڵە و ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، "فەرمانبەران دەتوانن بە ئاسانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن."