ئاگرێک لە قەڵادزێ زیان بە باخ و ماڵی خەڵک دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاگرێک کەوتەوە. بەرگریی شارستانی دەڵێ، زیانی مادی و ژینگەیی هەبووە.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک پردی دەروازەی قەڵادزێ کەوتەوە و تەنیا زیانی مادی و ژینگەیی هەبوو".
بە گوتەی عەلی قادر، ئاگرەکە زیانی بە چەند باخێک، چەند ماڵێک و بەشێک لە وایەری کارەبای سنوورەکە گەیاندووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گوتی: "پێنج ئۆتۆمبێلی تیمەکانمان لەکاتی پێویستدا چوونە شوێنی رووداوەکە و پێش فراوانتربوون ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد".
بۆ زانینی هۆکاری ئاگرەکە بەرگریی شارستانیی راپەڕین لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.