فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: لە خولی نوێ جەخت لەو پڕۆژەیاسایانە دەکەینەوە ماف دەدەنە کورد
رووداو دیجیتاڵ
بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هەموار و پەسندکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا، سەرلیستی پارتی لە کەرکووک کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشە دەڵێ: "لە خولی پێنجەم، 10 یاسای پەیوەست بە هەرێمی کوردستانمان هەموار کردووەتەوە یان پەسندکراوە و کەوتووەتە واری جێبەجێکردن، یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژەیاسایانەش بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بوو.''
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، پارتی وەکو حیزب 31 کورسی لەو خولەدا مسۆگەرکرد، یەکێتیش بە 18 کورسییەوە بووە دووەم هێزی کوردستانی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا.''
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 19-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی لە خولی پێنجەمدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان کورد بوو، هەموو ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی کورد بوون، زۆر بە باشی بەکارهێنران و پڕۆژەی زۆر جێبەجێ کران، ئەو پڕۆژانەشی لە دژی هەرێمی کوردستان بوون، رێگەمان نەدا پەسندبکرێن."
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای موڵک و ماڵ دەکات و دەڵێ: "بابەتی پەیوەست بە زەویی جووتیارانی کورد لە کەرکووک و ناوچەی دیکە، توانرا ملیۆنان دۆنم زەوی کورد لە چوارچێوەی یاساکە مافەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ جووتیاران .''
هەڵەبجە و ماف و شایستەی کەسوکاری شەهیدان
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاداری 2014، بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی دەرکرد، ئەوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، پەرلەمانی عێراقیش لە 14ـی 4ـی 2025 دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دا و بووە 19مین پارێزگا لە عێراق، دواتر لە 29ـی نیسانی 2025 لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە 19 بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسندکرد.
هێشتا بە کردار هێشتا شتێکی ئەوتۆ نەکراوە، تەنانەت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقیش هەڵەبجە بازنەی سەربەخۆی نییە و لەگەڵ سلێمانی یەک بازنەی هەڵبژاردنن.
شاخەوان عەبدوڵڵا پێیوایە ئەو بڕیارە هەوڵی پێکەوەیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بوو، لەنێویشیاندا فراکسیۆنی پارتی وەکو فراکسیۆنێکی گەورەی پەرلەمانی عێراق.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی هەموارکردنەوەی یاسای شەهیدان دەکات و دەڵێ: " وامان کرد کوڕ و کچی شەهیدانی کوردستان هەمان ماف و شایستەی خانەوادەی شەهیدانی عێراقیان هەبێ، ئەم یاسایەش جێبەجێ کراوە و لە جێبەجێکردندایە، پێنج نمرە و لێخۆشبوون لە باجیان بۆ هەژمار دەکرێت، یاسای زیندانییانی سیاسیش هەموار کراوەتەوە، بەجۆرێک ئەوانیش هەمان یاسای زیندانییانی سیاسیی عێراق بیانگرێتەوە."
ساڵانە حکومەتی عێراق بڕی دیاریکراو وەکو پشکی کوردستان لە گەنمدا لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو وەردەگرێت، بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا " پارەی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 بەشێکی جووتیاران لای حکومەتی عێراق مابووەوە ،توانیمان لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا جێگەی بۆ بکەینەوە و 375 ملیار دیناریان بۆ خەرج کرا و پارەکانیان وەرگرت."
مادەی 140 و 'زیندووکردنەوەی'
مادەی 140 لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، "لە دوو خولی رابردوودا ئەو یاسایە سڕکرابوو، توانیمان لە خولی پێنجەم ئەم یاسایە زیندووبکەینەوە، لە بودجەی ساڵی 2023ـدا 200 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە تەرخانکرا کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە، هەروەها ئەو کەسانە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، ئەو یاسایەش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە".
بودجەی ساڵی رابردووش 28 ملیار و 750 ملیۆن دینار لە بودجەی دوو ساڵ لەمەوبەر زیاتر بوو، خشتەی بودجەی ئەمساڵیش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە بۆ ئەوەی پەسندبکرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ، سوورین لەسەر ئەو بودجەیە بۆ ئەوانری مادەکە دەیانگرێتەوە.''
بەرپرسەکەی پارتی لەبارەی بودجەی دامەزراندن و پشکی کوردستان تێیدا بە رووداوی راگەیاند: "لە بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق پارە بۆ لیوای 20ـی هاوبەش تەرخانکرا، زیاتر لە 3,777 کەس دامەزرێنران،هەروەها رێگریمان کرد لە دەرچوونی یاسای ئاسایشی نیشتمانی، چونکە ئەگەر وەکو خۆی جێبەجێبکرایە، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارەگای سەربازی دادەنرا".
پێشتر لە کەرکووک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکان قەدەخە بوو. شاخەوان عەبدوڵڵا، گەڕاندنەوەی ئاڵای کوردستان بۆ سەر دامودەزگاکانی کەرکووک بە دەستکەوتێکی حیزبەکەی دەزانێت و دەڵێ: "من لەسەر بارەگاکەی خۆم هەڵمکرد و دواتر بووە شتێکی ئاسایی و دامودەزگەکانی دیکەش هەڵیانکرد، ئێستا ئاڵای کوردستان لە ئاسمانی کەرکووک دەشەکێتەوە".
یەکێتی و پارتی جەخت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەڕەکە کوردنشینەکان دەکەنەوە
لەماوەی دەسەڵاتی راکان جبووری لەنێوان 2016 بۆ 2023 گەڕەکە کوردنشینەکان پشتگوێخرابوون، بەڵام هەم شاخەوان عەبدوڵڵا، هەم رێبوار تەها هەردووکیان سەرلیستی حیزبەکەیانن لە کەرکووک جەخت لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەکەنەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و سەرلیستی حیزبەکە رۆژی 16ـی 10 بە رووداوی راگەیاند:" سەدان گەڕەکمان ئاوەدان کردوونەتەوە، کاری زۆر باشمان بۆ خزمەتگوزاریی ئەو گەڕەکانە کردووە و 80٪ ی تەواو کراوە. زیاتر لە ملیۆنێک مەتر دووجا کۆنکرێت و رێگەوبانمان بۆ ئەوانەی لە ناو شارن کردووە، و زیاتر لەوەش ئێستا پڕۆژەی دیکەمان دەست پێکردووە، کە 300 هەزار مەتر دووجایە و جارێکی دیکە هەموو ئەو کۆڵانانە دەگرێتەوە کە ماون و کۆنکرێتیان بۆ دەکرێت."
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێ: "لە بەغدا رەزامەندیمان وەرگرتووە و بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان گەیێندراون، وەکو؛ ئاوی پهنجا عەلی و لێدانی چەندین بیر لە گەڕەکە کوردییەکان".
خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق پێنج فراکسیۆنی کوردستانی تێدایە، پارتی، یەکێتی، کۆمەڵی دادگەری، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی، بە هەر پێنج فراکسیۆنەکە 63 نوێنەریان لە باشووری کوردستانەوە ناردووەتە پەرلەمانی عێراق، لەو هەڵبژاردنەشدا کورد چاوی لەوەیە کورسییەکان و دەنگ و سەنگی خۆیان زیاتر بکەن.