سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: زۆر گرنگە بە ئەورووپییەکان بڵێین ئێمەش مافی دەوڵەتمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی رایگەیاند: "زۆر گرنگە بە ئەوروپییەکان و جیهان بڵێین کە ئێمەش مافی خۆمان هەیە وڵات و دەوڵەتی خۆمان پێکبهێنین."
ئەمڕۆ لە تفلیسی پایتەختی گورجستان، دووەمین کۆنفرانسی کوردانی قەفقاس بەڕێوەچوو و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
کۆنفرانسەکە بە ناوی "رۆڵی کوردانی قەفقاس لە پرۆسەی نەتەوەبووندا"یە و زیاتر لە 100 کەس لە 20 وڵاتی جیهانەوە بەشدارن.
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، ئیسماعیل کامیل، میوانی بوڵتەنی نوورۆژی رووداو بوو و گوتی: "لە دیاسپۆرا 4-5 ملیۆن کورد هەن."
کامیل ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کرد و رایگەیاند: "زۆر گرنگە بە ئەوروپییەکان و جیهان بڵێین کە ئێمەش مافی خۆمان هەیە وڵات و دەوڵەتی خۆمان پێکبهێنین."
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، هیوای خۆی بۆ رۆژئاوای کوردستان خستەڕوو و گوتی: "ئێمە هیوادارین رۆژئاوای کوردستانیش سەربەخۆ بێت."
ئیسماعیل کامیل داوای یەکێتی لە کوردان کرد و رایگەیاند: "دەبێ ناکۆکییەکانمان لە پرسی کورد بەدوور بگرین."
ئاماژەی بەوەدا کە دابەشبوون و ناکۆکییە ناوخۆییەکان هەمیشە رێگر بوون لە بەردەم پێشکەوتنی دۆزی کورد و یەکڕیزی بۆ سەرکەوتن پێویستە و گوتی: "کوردستانییەکان رۆژ بە رۆژ لە دەوروبەرمان کۆدەبنەوە."