لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 33 کەس کوژراون؛ 'رێککەوتنی پێشێلکردووە'
رووداو دیجیتاڵ
9 رۆژ دوای کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، ئاگربەستی غەززە لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە. ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کەرتی غەززە و بەهۆیانەوە بەلایەنی کەمەوە 33 کەس کوژران، ئەمەش دوای ئەوەی حەماسی بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی تۆمەتبار کرد. سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی دوو سەربازی راگەیاند.
ئەم دوو سەربازە ئیسرائیلییە یەکەمین کوژراوی سەربازیی ئەو وڵاتەن لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە. هەردوولا یەکدی بە شکاندنی ئاگربەستە نێوەندگیریکراوەکەی ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 19-10-2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکاریی ئاشکرای رێککەوتنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل، دژی ئامانجە تیرۆریستییەکانی حەماس لە باشووری کەرتی غەززە، دەستی بە زنجیرەیەک هێرش کردووە."
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە، تیرۆریستان مووشەکی دژە تانکیان ئاراستە کردووە و تەقەیان لە هێزەکانی سوپا" لە رەفەح کردووە.
بەڵام بزووتنەوەی حەماس ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە. عیزەت رشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل "بەردەوامە لە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و بیانووی لاواز بۆ پاساودانی تاوانەکانی دەهێنێتەوە." باڵی سەربازیی حەماسیش جەختیکردەوە کە "هیچ زانیارییەک"یان لەبارەی هیچ پێکدادانێک لە رەفەح نییە.
قوربانییەکان و هەڵوەشاندنەوەی هاوکارییەکان
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا، دەزگەی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، بەلایەنی کەمەوە 33 کەس لە سەرانسەری کەرتەکەدا کوژراون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو سەربازیان بە ناوەکانی یانیڤ کولای تەمەن 26 ساڵ و ئیتای یاڤێتزی تەمەن 21 ساڵ، "لەکاتی شەڕدا لە باشووری کەرتی غەززە کوژراون."
دوای دەستپێکردنەوەی تووندوتیژییەکان، بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، ئیسرائیل رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ غەززە نادات و هۆکارەکەشی بۆ "پێشێلکارییە ئاشکراکانی حەماس" گەڕاندەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کرد "رێوشوێنی تووند دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان لە کەرتی غەززە" بگرنەبەر. یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگرییش هۆشداریدا کە حەماس "باجێکی قورس بۆ هەر گولـلەیەک و هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست دەدات."
"خوێن جارێکی دیکە گەڕایەوە"
شایەتحاڵانی فەلەستینی رایانگەیاند، پێکدادان لە شاری رەفەح لەو ناوچەیەدا روویداوە، کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە.
عەبدوڵڵا ئەبو حەسەنین، دانیشتووی کەمپی بورێج لە ناوەڕاستی غەززە رایگەیاند: "دۆخەکە وەک ئەوە وایە جەنگ سەرلەنوێ گەڕابێتەوە. هیوامان خواستبوو رێککەوتنەکە بەرقەرار بێت، بەڵام داگیرکەر رێز لە هیچ شتێک ناگرێت." ئەو گوتیشی، "دیمەنەکە وەسف ناکرێت. خوێن جارێکی دیکە گەڕایەوە."
دەستپێکردنەوەی "جێبەجێکردنی ئاگربەست"
درەنگی رۆژی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێنراوێکی نوێدا رایگەیاند: "بەپێی رێنماییەکان و دوای زنجیرەیەک هێرشی بەرچاو وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی حەماس، سوپای ئیسرائیل دەستی بە جێبەجێکردنەوەی نوێی ئاگربەست کردووە."
ئاگربەستەکە، کە بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 10ی تشرینی یەکەمدا کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بە زیاتر لە دوو ساڵ جەنگی وێرانکەر هێنابوو. جەنگەکە دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە تێیدا نزیکەی 1,200 کەس کوژران. لەو کاتەوە، بەپێی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 68 هەزار کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.