پارتی لە هەولێر ئاهەنگی بانگەشەی دەبێت و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی گوتاریان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان دەکات و نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێک پێشکێش دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2025 ئاراس خۆشناو، بەرپرسی پیشەییەکان لە مەکتەبی ریکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانە و کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر دەبێت.
 
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێک پێشکێش بکات. ئاراس خۆشناو گوتیشی، "رۆژی دووشەممەش پارتی دیموکراتی کوردستان کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی دەبێت، کە هەزاران کەس ئامادە دەبن و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی گوتارێک پیشکێش دەکات."
 
لە هەرێمی کوردستان 8 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ لەنێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدان.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9یان کۆتان.