کارنامەی نەوەی نوێ: کێشەی مووچە چارەسەر و بەنزین هەرزان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
نەوەی نوێ لە کارنامەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەسەر چەند تەوەرێک کردووەتەوە، کە ئامانجی ئەو حیزبە دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پێشینەیان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە.
لە کارنامەی نەوەی نوێدا هاتووە، "بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکەین، لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەین."
سەبارەت بە کێشەی مووچە، نەوەی نوێ لە کارنامەکەیدا رایگەیاند، "سەرجەم مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەکانەوە تەوتین دەکەین، کێشەی دواکەوتنی مووچەش لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدەهێنین."
هەریەکە لە پارتی، یەکێتی، یەکگرتووی ئیسلامی، رەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەری کارنامەی خۆیان بڵاوکردووەتەوە و کۆمەڵێک تەوەری جیاوازیان خستووەتەڕوو، بەڵام بەشێکی زۆریان لەسەر یەک خاڵ هاوڕان، ئەویش چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە لە بەغدا.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 9 کورسییە و لە پەرلەمانی کوردستانیش 15 کورسیی هەیە، خۆی وەکو لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن ناساندووە. لە کارنامەکەیدا باسی لەوەش کرد، کار دەکەن تاوەکو لەبری لایەنەکانی دیکە خۆیان ببنە نوێنەری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
نەوەی نوێ، لە کارنامەکەیدا بە سەرجەم گەنجانی راگەیاند، پێشینەی هاوسەرگیرییان لە رێگەی حکومەتی عێراقی و بانکە عێراقییەکانەوە بۆ جێبەجێ دەکات.
بەنزین و سووتەمەنی یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی کارنامەی نەوەی نوێ و دەڵێت، "لە بەغداوە بە نرخی هەرزان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابینیان دەکەین."
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد. لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد، هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
رۆژی 11ی تشرینی یەکەمی 2025، جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە تۆمارێکی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد.
شاسوار عەبدولواحید، داوای لە هاونیشتمانییان کرد بە شێوەیەکی فراوان بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن و گوتی: "ئەگەر رێژەیەکی کەمی هاونیشتمانییان بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، دۆخی خەڵک خراپتر دەبێت."