مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە گردبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی مامۆستایان لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قەزای کۆیە گردبوونەوە. مامۆستایەکی وانەبێژ دەڵێت، ''تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان، لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین."
 
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو مانگە ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستیپێکردووە، بەڵام تائێستا بایکۆتکردن لە سنووری هەڵەبجە، سلێمانی، قەزای کۆیە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامە و ئەمڕۆ (یەکشەممە، 19-11-2023) بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لەو سنوورانە گردبوونەوە.
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانیش هاتوونەتە پاڵ مامۆستایان و پاڵپشتییان دەکەن؛ گوتیشی، ''داواکاریی قوتابییان ئەوەی بۆ زیادکراوە، کە ئەگەر بایکۆتیش کۆتاییهات، دەبێ شتێک بکرێت بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنیان نەفەوتێت."

 

 
مامۆستایەکی ناڕازی لەبارەی داواکارییەکانیان بە رووداوی گوت، ''لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین. داواکارییەکانمان شتی فەرمین و نایاسایی نین. دەزانین دۆخی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا چۆنە. ئێمە دەڵێین بە لانی کەمەوە وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردە بتوانن پلەبەرزکردنەوە و پێدانی مووچە لە 30 رۆژدا جێبەجێ بکەن؛ هەروەها چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان بۆ داهاتوو دیاری بکەن. ئەمە هیچ داواکارییەکی ئەستەم نییە.'' 
 
بەگوتەی سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڵەبجە، قوتابیانی ئەو سنوورە بوونەتە دوو بەش و بەشێک لە قوتابییانی پۆلی حەوت، هەشت، نۆ، 10 و 11 پەیوەندی بە مامۆستاکانەوە دەکەن بۆ ئەوەی قوتابخانەکان بکرێنەوە و بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن؛ هەندێک لە قوتابییانیش لە گردبوونەوەی مامۆستایانی میلاک و وانەبێژدا بەشدارن. 

 

 
وەک پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە دەڵێت، لە گردبوونەوەی ئەمڕۆی مامۆستایاندا لە هەڵەبجە، جگە لە قوتابیان، دایک و باوکی بەشێک لە قوتابییانیش بۆ پاڵپشتی لە مامۆستایان بەشدارن.
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی چوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ، میلاک و فەرمانبەران لە بایکۆتکردن و گردبوونەوە بەردەوامن.

 

 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەشێکی زۆر لە قوتابیانی پۆلی 12 دەستیان بە خوێندن کردوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێک لە قوتابییانی ئەو قۆناخەش چوونە سەر شەقام و داوای کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنیان کرد.
 
هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە گەرمیان دەڵێت، مامۆستایانی وانەبێژ، میلاک و قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە داواکاریی جیاوازەوە لە بەردەم پەروەردەی کەلار گردبوونەتەوە و داوای دامەزراندن، وەرگرتنی مووچە و کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن دەکەن.

 

 
لە قەزای کۆیەش، بەشێک لە مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ گردبوونەوە و جارێکی دیکە داواکاراییەکانی خۆیان خستەڕوو.
 
لە سنووری پەروەردەی کۆیە نزیکەی 800 مامۆستای وانەبێژ و زیاتر لە سێ هەزار مامۆستای هەمیشەیی هەن. حەسەن عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''نزیکەی 70 رۆژە لە شەقامین. بە دڵنیاییەوە لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین."
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە، جگە لەوە قوتابییانی پۆلی 12 دەخوێنن.
 
لە سنووری پارێزگەکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، نەچوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن.