ئەنجوومەنی فەتوا: وەرگرتنی سزای دواکەوتنی قیستی خانووبەرە حەرامە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کۆمپانیایەکی فرۆشتنی خانوو و شوقە بە قیست، ئەگەر مەرجی پێبژاردن دابنێت بۆ ئەوانەی یەکەکانی دەکڕن و قیستەکان دوادەخەن، مامەڵەکەی حەرام دەبێت. دەشڵێت، نابێت بەهۆی دواخستنی قیستەوە پارەی زیادە وەربگیرێت، "چونکە حەرامە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-11-2023 د. حەسەن محەممەد پشدەری، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای دواکەوتنی مووچەی هاونیشتمانییان و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، بەشێک لە کۆمپانیاکانی خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون گوشاریان کردووە لەسەر خاوەن یەکەکان قیستەکان بدەن و، ئەگەر دوایبخەن پارەی زیاتری دەچێتە سەر، بۆیە ئەوانیش بە فەتوایەک ئەو پارە زیادەیان حەرام کردووە.
بڕیاردەری ئەنجوومەنیی باڵای فەتوا دەڵێت، "کاتێک بەهۆی دۆخێکەوە هاووڵاتی قیستێک دوادەخات، نابێت خاوەنی کۆمپانیاکە ناچاری بکات کە پارەی زیاتر بدات، چونکە بە تەواوی حەرامە؛ گرێبەستەکە هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵام تێکیدەدات."
د. حەسەن محەممەد پشدەری ئاماژەی بەوەش کرد، لە شەرعدا چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە دانراوە و بۆ ئەوەی خاوەنی کۆمپانیاکانیش زیانمەند نەبن، "خاوەنی کۆمپانیا کە خانوو، شوقە یان هەر شتێک دەداتە کەسێک بە قیست، دەتوانێت ئۆتۆمبێل، یان خانوویەک بە کڕیار بخاتە رەهنەوە، بۆئەوەی ئەگەر کڕیار قیستی دواخست بیفرۆشێت و قیستەکانی خۆی لێ هەڵبگرێتەوە، ئەوە حەرام نییە و شەرع رێگەی پێداوە. هەروەها دەتوانێت سەرمایەدارێک یان فەرمانبەرێک بە کەفیل وەربگرێت و لە ئەگەری نەبردنی قیستدا لە کەفیلەکەی وەریبگرنەوە."
قسەکانی بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، 16ی ئەم مانگە ئەنجوومەنەکە لەو بارەیەوە فەتوایەکی دەرکرد و تێیدا رایگەیاند، "روونمان كردووەته‌وه، پێبژاردن بەهۆی دواکەوتنەوە حه‌رامه، به‌تایبه‌تی له بابه‌ته‌كانی قه‌رز و قیستدا. به‌و پێیه‌ش هه‌ر له سەرەتاوە گرێبه‌سته‌كه حه‌رامه و نابێت موسڵمان خۆی لێ بدات، هه‌روه‌ها هه‌ر ئاسانكارییەكیش بۆ ئه‌و جۆره گرێبه‌ستانه بكرێت وه‌كو ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵاڵ و سه‌مسار و خاوه‌ن عه‌قارات (نووسینگەکانی خانووبەرە) ده‌یكه‌ن؛ هه‌مان گوناهی سووخواردن ته‌حه‌مول ده‌كه‌ن."
لە فەتواکەدا ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان شەش خاڵی خستووەتەڕوو کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
1- بۆ هه‌ردوو لایه‌نی گرێبه‌ست وه‌ك یه‌ك ریبایه و حه‌رامه؛ گرێبه‌سته‌كه هه‌ر له سەرەتاوە (باتڵە).
2- ئه‌گه‌ر كڕیار له سەرەتاشەوە نیه‌تی دواخستنی قیسته‌كه‌ی نه‌بێت، دیسان حه‌رامه؛ مادام واژۆی لەسەر گرێبه‌سته‌كه کرد، كه مه‌رجێكیان سه‌رده‌كێشێت بۆ ریبا.
3- خاوه‌ن عه‌قاراته‌كانیش نابێت نێوانگیری بكه‌ن له‌و حه‌رامه‌دا.
4- به‌ڵام ئه‌گه‌ر گرێبه‌سته‌كه خاڵی بوو له‌و مه‌رجه (مه‌رجی پێبژاردنی سەرپێچی)؛ ئه‌وا هیچ كێشه‌یه‌كی شه‌رعی تێدا نییه.
5- پێشنیازی ئێمه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و مه‌رجه لاببرێت له‌و گرێبه‌سته‌دا، له‌جیاتی ئه‌وه ده‌توانن هه‌ركات دواکەوت كڕیاره‌كه؛ ئه‌وا ناچار بكرێت به‌وه‌ی كه زیاتر له دوو قیست بدات له كۆی ئه‌و بڕە‌ی كە لەسە‌ره‌تاوه له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.
6- ئه‌گه‌ر خاوه‌ن عه‌قاراته‌كان له سه‌ره‌تاوه دڵنیا نه‌بوون له‌وه‌ی كه گرێبه‌سته یاساییه‌كه‌ی دووه‌م مه‌رجی پێبژاردنی دواکەوتنی تێدایه؛ ئه‌وە بۆ ئه‌مان كێشه‌یه‌كی شه‌رعی نابینینه‌وه، چونكه شه‌رع زاهیر بینه و حوكمی شه‌رعی له‌سه‌ر یه‌قین و دڵنیایی بونیات ده‌نرێت.