لە کەرکووک کەسێک کە هەڕەشەی لە دادوەر و بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی کوردستان کردبوو دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە نێو شاری کەرکووک، کەسێک کە پلەی عەمیدی بە "ساختە" بەستووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەستگیرکرا، پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، هەڕەشەی لە ژمارەیەک دادوەر و بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی کوردستان کردبوو.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، رایگەیاند، دوێنێ شەممە، هێزی سواتی پۆلیسی کەرکووک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی شاری کەرکووک کەسێکیان دەستگیرکردووە، خۆی وەک ئەفسەر بە پلەی عەمید ناساندووە و هەڕەشەی لە ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتی دیارکردووە لەوانە دادوەر و بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (س)ـە و لە نەتەوەی کوردە.
هەر لەوبارەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق، رۆژی یەکشەممە 19-11-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی زانیاری هەواڵگری ورد ، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک ، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە بە فێل خۆی وەک ئەفسەر بە پلەی عەمید ناساندووە، دنەی خەڵکی داوە، سەرپەرشتیی تۆڕێکی کردووە لەو رێگەیەوە فێڵی لە خەڵک کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایش، دەڵێت، ئەو تۆمەتبارە چەندین یاداشتی دەستگیرکردنی لەسەر کەیسی جیاجیا بۆ دەرکراوە، دواتر لە بۆسەیەکدا لە نێو شاری کەرکووک دەستگیرکراوە. دوای دەستگیرکردنیشی وتەی لێوەرگیراوە و دانی بەوە داناوە کە لە چەند پارێزگاکایەک تاوانی کردووە، بۆیە دراوەتە دادگە بۆ ئەوەی سزای دادپەرەوەرانەی خۆی وەربگرێت.