کەشناسیی هەرێمی کوردستان: بارانی بەلێزمە و بەفر دەبارێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی 48 کاژێری داهاتووی بۆ کەشوهەوای پێشبینیکراو بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دوانیوەڕۆوە شەپۆلی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دواتر دەگۆڕێت بۆ "بارانی بەلێزمە و هەورە تریشقە." ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفربارین دەستپێدەکات.

بەشی پێشبینیی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاژێری داهاتووی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 19-11-2023 ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە کاتەکانی بەیانی و نیوەڕۆ، پاشان لەدواى نیوەڕۆ کاریگەریى شەپۆلێکى باران بارین لەسەر ناوچەکە دەستپێدەکات، سەرەتا بارانبارین مامناوەند دەبێت، پاشان بارانەکە بەهێزتر دەبێت و دەگۆڕێت بۆ بارانى بەلێزمە و هەورە تریشقە لە کاتەکانى ئێوارەدا لە سنوورى پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

بەپێی کەشناسی، لە درەنگانی شەودا کاریگەریى ئەو شەپۆلە دەگاتە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین، "زۆرترین رێژەى دابارین لەسەر پارێزگاى دهۆک دەبێت، بەتایبەتى (شیلادزێ، ئامێدى، چەمانکى و ئاکرێ). هەروەها زیادبوونى خێراى با لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سنوورى پارێزگاى کەرکووک لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ."

پێشبینییەکان بۆ خێرایی و ئاراستەی با، پلەکانی گەرما، مەودای بینین بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە:

خێرایى با: مامناوەند 20 –  30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
ئاراستەی با: باشوور و باشووری خۆرهەڵات دەبێت.
پلەکانی گەرما: نزیک دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
مەوداى بینین: لەنێوان 8 – 9 کیلۆمەتر دەبێت.

هەروەها لەبارەی پێشبینیی کەشوهەوای سبەى دووشەممە 20-11-2023، کەشناسی دەڵێت، ئاسمان بەگشتی هەور و باراناوی دەبێت بە درێژایى کاتەکان، ئاستى دابارین (لێزمە بارانى بەردەوام و هەندێک کات مامناوەند دەبێت) لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان، لەگەڵ باران بارین شەپۆلێکى بەفر بارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و لووتکەى ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەگرێتەوە، کاریگەریى ئەم شەپۆلە لە کاتەکانى شەو درەنگدا لاواز دەبێت.

پێشبینییەکان بۆ خێرایی و ئاراستەی با، پلەکانی گەرما، مەودای بینین لە رۆژی دووشەممە:

خێراى با: لەسەرخۆ - مامناوەند (10 –  20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا) دەبێت.
ئاراستەی با: باشووری خۆرهەڵات دەبێت.
مەوداى بینین: لەنێوان 7 – 9 کیلۆمەتر دەبێت.
پلەکانی گەرما: کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
 
هەولێر:  14 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 13 پلەى سیلیزى
دهۆک: 12 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 16 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 15 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 15 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 3 پلەى سیلیزى
سۆران: 11 پلەى سیلیزى