پارتی دەست بە دانوستاندن دەکات و سەرکردەیەکی یەکێتیش دەڵێ "بۆنی دوورکەوتنەوە دەکەین"
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ مانگە، پارتی و یەکێتی کۆنەبوونەتەوە و هیچ گفتوگۆیەکیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەکردووە، پارتی دەیەوێ جیاوازتر لە دەستپێشخەرییەکانی پێش هەڵبژاردنی عێراق دەست بە دانوستاندن بکات، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت: "ئەمە نیەتی رێکنەکەوتنە و بەهێزترە لە نیەتی رێککەوتن."
دوایین کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە سێ مانگی بەسەردا تێپەڕیوە کە 14 ئابی 2024 بوو. ئەوکات لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، "پێویستە هەوڵی چڕ و جیدی بدرێت بۆ ئەوەی مانگی ئەیلوول، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات."
سەرکردەیەکی پارتی: پێش هەڵبژاردن نەرمیی زۆرمان نواند، بەڵام یەکێتی ئامادە نەبوو
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێمە وەکو پارتی، پێمان باشە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت و ئامادەین بۆ گفتوگۆ و پێشتریش نەرمی زۆرمان نواند لەپێناو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەشڵێت: "پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەموو هەوڵێکمان دا بۆ ئەوەی کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، نەرمی زۆریشمان نواند، بەڵام لایەنی بەرامبەر نەهاتنە پێش."
پارتی: وەکو پێش هەڵبژاردن دانوستاندن ناکەینەوە
دوای ئەوەی یەکلایی بووەوە کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەت ناکات، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، وەکو پێش هەڵبژاردن دانوستاندن ناکەنەوە، ئەمەش یەکێتیی نیگەران کرد و کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئەو لێدوانانەی لە کۆڕبەندی مێپس دران و ئەوەی من دەیبینم، نیەتی رێکنەکەوتن لە نیەتی رێککەوتن بەهێزترە، چونکە بەپێی لۆژیک، دەبێ دوای هەڵبژاردن لێدوانەکان نەرمتر بن."
لوقمان وەردی دەڵێت: "سەرکردایەتیی پارتی دەڵێ پێش و دوای هەڵبژاردن وەکو یەک نین، بەڵام لای ئێمە هەموو هەلومەرجەکان یەکن و دەبێ کۆببینەوە و خەڵک لە نیگەرانی رزگار بکەین."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەشڵێت: "لەجیاتی ئەوە چاوەڕوان بووین گوتاری سەرکردایەتیی پارتی نەرم بێت بۆ رەخساندنی زەمینەی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و یەکڕیزی و یەک دەستی کورد لە بەغدا."
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی: ئەگەر بڵێین دۆخەکە جیاوازە قسەی زبر نییە
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: "ئەگەر پارتی بڵێت هەلومەرج گۆڕاوە، قسەی زبر و خراپ نییە، چونکە هەلومەرجەکە نوێیە و قسە و داواکاری نوێ دێنە پێشەوە."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەشڵێت: " لەوانەیە لایەنی دیکەش پێش هەڵبژاردن قسەیەکیان کردبێت و ئێستا قسەیەکی دیکە بکەن، ئەمە بۆ هەموو لایەنەکان ئاساییە."
پارتی دەست بە دانوستاندن دەکات و یەکێتیش بۆنی دوورکەتنەوە دەکات
پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵ دەدات دەست بە گەڕێکی دانوستاندن بکات لەگەڵ لایەنەکان. هیوا گەیلانی دەڵێت: "لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بەو دانوستاندنە دەکەین، پێشتریش سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە بچنە نێو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە."
بە گوتی هیوا گەیلانی، ئێستا دۆخی عێراق هەستیارە و "دەبێ ئامادەبین بۆ هەموو ئەگەرێک". گوتیشی: "پێمان باشە حکومەتی داهاتوو بنکە فراوان بێت و هەموو لایەنەکان بەگوێرەی قەبارە و بەرکەوتەی خۆیان بەشداربن."
بەڵام لوقمان وەردی دەڵێت: "لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆنی لێک دوورکەوتنەوەیان لێدێ کە ئومێد دەکەین وانەبێت."
یەکگرتوو ناچێتە نێو حکومەت و نەوەی نوێ بڕیاری کۆتایی نەداوە
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە سێ کورسی بردبووەوە، بڕیاریدا فراکسیۆنەکەی نەچێتە پەرلەمان و سوێندی یاسایی نەخۆن، بڕیارەکەشیان بۆ کابینەی دەیەم بەهەمانشێوەیە و بەشداری ناکەن.
هەرچەندە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە حەوت کورسییەوە فراکسیۆنی لەنێو پەرلەماندا هەیە، بەڵام ئەوانیش بڕیاریان داوە بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا نەکەن.
هادی عەلی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕیاری پێشوەختەمان هەیە کە بەشداری کابینەی دەیەم ناکەین و تاوەکو ئێستا بڕیارەکە نەگۆڕاوە.
هادی عەلی گوتی، "قسەوباس لەبارەی دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز کراوە، بەڵام نەبووەتە پرۆژە و کۆبوونەوەی لەبارەوە نەکراوە."
نەوەی نوێ، لەدوای پارتی و یەکێتی، خاوەن زۆرترین کورسییە لە پەرلەمان و خاوەنی 15 کورسییە، هەرچەندە وەکو ئۆپۆزیسیۆن ماوەتەوە، بەڵام دەرگەی دانوستاندنی دانەخستووە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە نەوەی نوێ بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر بڕیارمان داوە ئۆپۆزیسیۆن بین، بەڵام دەرگەمان دانەخستووە و دانوستاندن بڕیار دەدات بەشداربین یان نا."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "لەگەڵ داخستنی دەرگەی گفتوگۆ نیم، هەر بڕیارێکیش بدرێت حیزب دەیدات و تائێستا کۆبوونەوەمان لەسەر ئەو پرسە نەکردووە و لێژنەی دانوستاندنکاریش سەردانیان نەکردووین."
مەسرور بارزانی: هەرچەندە زۆر دواکەوتووە بەڵام هیوادارین حکومەت زوو پێبکهێنرێ
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
مەسرور بارزانی گوتی: "هیوادارین زوو پێبکهێنرێ، هەرچەندە زۆریش دواکەوتووە، هەموو لایەک شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن پارتی هەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی کابینەی نوێی حکومەت زوو دەستبەکاربێت، لایەنەکانی دیکە دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن."
پەرلەمان چاوەڕێی پارتی و یەکێتییە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 13 مانگە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبهێنرێت.
لەوبارەوە، پێشتر هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، تاوەکو لایەنە سیاسییەکان رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەکەن، پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە.
هیوا نەسردەین ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان، چاوەڕێی تەواوکردنی رێژەی یاسایین و پەرلەمان ئامادەیە بۆ دانیشتن".
لەبارەی هەوڵی حیزبەکانیش (بەتایبەت پارتی و یەکێتی) بۆ کۆبوونەوە گوتی: "هیچمان پێ نەگوتراوە."
27 یاسا تانەیان لێدراوە و دەبێ پەرلەمان یەکلاییان بکاتەوە
تاوەکو ئێستا، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کوردستان نەیانتوانیوە رێژەی یاسایی تەواو بکەن بۆ دانیشتن و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەمەش چەند گرفتێکی بە چارە نەکراوی هێشتووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەیەکی باڵای پەرلەمانەوە دەست رووداو کەوتووە، 27 یاسا تانەیان لێدراوە و یەکلایی کردنەوەیان لەدەست پەرلەمانی کوردستانە.
گرنگترینیان، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111ـەوە بۆ 100 کەمکردەوە، هەروەها یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کە ئەویش هەڵوەشێنراوەتەوە.