بەشێکی زۆری بەنداوی بۆکان وشک بووە؛ 'نزیکەی 50%ـی ماسییەکانمان لەنێوچوون'

رووداو دیجیتاڵ

تا چاو بڕ دەکات، زەوییەکی شەقار شەقارە و بە بیابان دەچێت، بەڵام ئەمە بیابان نییە، بەشێکی گەورەترین بەنداوی پارێزگای ورمێ، بەنداوی بۆکانە. بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێکی زۆری دەریاچەکەی وشک بووە و ئێستا بڕێکی کەم ئاوی تێدا ماوەتەوە.
 
رەحمان مەجیدی، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "ئەوەی زەویی کشتوكاڵی هەیە و یونجەی هەیە، یان چەوەندەری چاندووە، بە گشتی (زەوییەکانیان) وشک بوون. تەنانەت باخەکەی منیش وشک بوو. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا نەمدیوە هێشتا کە ئەم بەنداوە ئاوا ئاوی تێدا نەمێنێ و وشک بێت."
 
بەنداوی بۆکان، توانای گلدانەوەی 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەو وشکەساڵییە سەختەی شەش ساڵە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، بەراورد بە پار ئاستی ئاوەکەی 10 مەتر کەمیکردووە و ئێستا نزیکەی 42 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
 
بەنداوەکە جگە لەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ 23 شار و زیاتر لە 130 گوند لە پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز و سنە دابین دەکات، ئاوەکەی بۆ ئاودێریی هەزاران هێکتار باخ و زەویی کشتوکاڵی شاری بۆکان و شارەکانی دەورووبەری بەکار دە‌هێندرێت. هەروەها لە دەریاچەی پشت بەنداوەکە، ماسی بەخێو دەکرێت.
 
بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە، کەرتەکانی کشتوكاڵ و ماسیگریی ناوچەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
 
عەبدوڵڵا رەحمانی، دانیشتووی گوندی قەڵاگەی بۆکانە و دەڵێت، "ئەو زیانانەی بۆ ئێمە هەیە، بۆ کشتوکاڵ بەداخەوە چەند دێهاتێک تەواوی بەرهەمەکانیان لە مانگی چوارەوە هیچ ئاوێکیان نەبووە و زیانێکی زۆریان لێکەوتووەتەوە. دوای کشتوکاڵ، بۆ ماسییەکانی ئێمەش زۆر زیانی هەبووە. لە هاویندا بەهۆی ئەوەی ئاو کەم بوو و هەواش گەرم بوو، زۆر لە ماسییەکانمان، نزیکەی 50%ی ماسییەکانمان لەنێوچوون."
 
فەرزاد یوسفی، دانیشتوویێکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، "ئەوە دوو ساڵە لەسەر ئاوەکەم، خەریکی راوەماسی و کشتوکاڵم، کارمان ئەوەیە. دوو ساڵە وشکەساڵییە و ساڵێکی بێ بارانییە. جگە لەوە بەرپرسانی بەنداوەکە ئاوەکەیان بەرداوەتەوە. ئەوە دوو ساڵە بەریان داوەتەوە و نایگرنەوە. دەیانەوێت بەنداوەکە بەتاڵ بکەن. ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، تاوەکو مانگ و نیوێکی دیکە هیچ ئاوێکی تێدا نامێنێت."
 
بەشێکی خەڵکی ناوچەکە باسی لێکەوتە نەرێنییەکانی بەردەوامیی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی بۆکان دەکەن و دەڵێن، ئەگەری چۆڵکردنی گوندەکانی ناوچەکە هەیە.
 
عەبدوڵڵا رەحمانی، دانیشتووێکی دیکەی گوندەکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئەو ئاوە با کەمتر بەربدەنەوە. لانیکەم با 20% ئاوی تێیدا بمێنێت. تەواوی گوندەکانمان لەوانەیە چۆڵ ببن، بە هۆکاری ئەو کەمئاوییەوە کشتوكاڵیان نەماوە. هەمووی بووەتە دێمەکار، ئەگەر هەمووی دێمەکار بێت لە گوند چی بکەن؟ هەموویان دەچنە شار."
 
نیگەرانییەکان لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی بۆکان لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و لە بۆکانیش 28 ملیمەتر باران باری، بەڵام بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ، بارانەکە کەمە و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئاستی ئاوی بەنداوەکان نەکردووە.