ڤیدیۆ.. عەرەبی هاوردە لە لەیلان بە بەرچاوی جووتیارێکی کوردەوە زەوییەکەی دەکێڵن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئەمین بە چاوی خۆی دەبینێت زەوییەکی کشتوکاڵی کە میراتی باوباپیرانیەتی دەکێڵرێت و تۆوی تێدا دەچێنرێت و هاوار و سکاڵاکەیشی هیچ ئەنجامێکی نییە. ئەمە چیرۆکی ئەو داگیرکارییەیە کە لە گوندی ترکەشکانی سەر بە ناحیەی لەیلان، لە بەرچاوی یاسا و خەڵکدا بەرامبەر بە جووتیارانی کورد دەکرێت.
محەممەدی جووتیار دەڵێت، هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی لەبەردەستە کە دەیسەلمێنن زەوییەکە هی ئەوە، بەڵام ئەو کەسانەی دەستیان بەسەردا گرتووە و ماددەی 140 دەستوور دەیانگرێتەوە، پشتیان بە بڕیارێکی دادگە بەستووە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ ماددەی 140 و یاساکانی پەرلەمان دەرچووە.
محەممەد دەردەدڵی بۆ رووداو کرد، "تراکتۆری عەرەبی هاوردە لەسەر زەویی ئەژدادی من جووت دەکات. چەند جارێک لەڕێگەی بەرپرسانی ناحیە و ناوچەکەوە ئاگادار کراونەتەوە کە نزیکی زەوی کورد و تورکمان نەکەونەوە، چونکە بڕیارێکی پەرلەمان لەمبارەیەوە دەرچووە."
بە گوتەی جووتیارە کوردەکە، ئەو کەسانەی کە خەریکی کێڵانی زەوییەکە بوون، نووسراوێکیان پێ بووە کە گوایە بڕیاری دادگەیە و بە دەنگی بڵند پێیان گوتووە: "زەوییەکە هی ئێمەیە و ماددەی 140 نایگرێتەوە."
"کشتوکاڵی کەرکووک گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان نوێ دەکاتەوە"
سکاڵا و ناڕەزایەتیی جووتیارانی کورد لە تەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکان، رووی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووکە. جووتیاران دەڵێن، ئەو فەرمانگەیە بەبێ رەچاوکردنی ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان نوێ دەکاتەوە، کەچی لە وەڵامی جووتیارە رەسەنەکاندا دەڵێن: "هێشتا رێکارەکانی یاساکە دەرنەچووە، بۆیە ناتوانین جێبەجێی بکەین."
شێخ نەجات تاڵەبانی، نوێنەری جووتیارانی داقووق هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەم دۆخە ترسی ئەوەی لێ دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی پێکدادان. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە نوێکردنەوەی گرێبەست بۆ عەرەبی هاوردە."
لەلایەن خۆیەوە، سامی غەفوور، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا داوا دەکات: "پێویستە بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بگوترێت ئەو رێکارانەی دادگەکانی کەرکووک بەرامبەر جووتیاری کورد و تورکمان دەیگرنەبەر، رابگیرێن تا راسپاردەکان دەگەنەوە."
یاسای پەرلەمان لە ئەنجوومەنی شوورا چاوەڕوانی تێپەڕاندنە
ئەو یاسایەی کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەرچووە، رەوانەی ئەنجوومەنی شوورا کراوە و دەبێت لەوێش دەنگی لەسەر بدرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەخت لەوە دەکاتەوە کە دواخستنی زیاتری جێبەجێکردنی یاساکە زیانی گەورەی دەبێت و دەڵێت: "پێویستی بە هەماهەنگیی تەواوی دەسەڵاتدارانی بەغدا هەیە، بە سەرۆککۆماریشەوە، هەوڵ بدرێت زوو لە ئەنجوومەنی شوورا دەربچێت و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
لەم نێوەندەدا، حکومەتی عێراق بۆ ئەم ساڵ بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە هیچ بڕە گەنمێک لەو زەوییانە وەرناگرێت کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی تۆویان تێدا کراوە. ئەم بڕیارە کێشەی گەورە بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان دروست دەکات، چونکە تەنانەت ئەگەر زەوییەکانیشیان کێشەی نەبێت، ناتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن و لە کۆتاییدا تووشی زیانێکی گەورە دەبن.