حەشدی شەعبی: لە سلێمانی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکەیەکی بنەبڕکردنی ماددەی هۆشبەر لە کەرکووک، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی، "یەکێک لە دیارترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەریان لە ناوچەکە" دەستگیرکردووە.
19ی تشرینی دووەمی 2025 دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو کەسە لەلایەن یەکەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەر لە کەرکووک، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی دەستگیرکراوە.
بەگوتەی دەستەی حەشدی شەعبی، دەستگیرکردنی ئەو کەسە لە دوای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی ورد بووە، کە چەند رۆژێک بەردەوام بووە، تێیدا چاودێریی جموجۆڵی ئەو کەسە و ئەو تۆڕەی بە قاچاخبردنیان کردووە، کە پەیوەندییان بەو کەسەوە هەبووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە یەکێک لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بۆسەیەکیان داناوە و هێزەکانیان توانیویانە بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک ئەو کەسە دەستگییر بکەن. لەکاتی پشکنینی شوێنەکەیدا دەستیان گرتووە بەسەر سێ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری حەشیشدا، کە لە ئامێری فلتەری پاککردنەوەی ئاودا شاردرابووەوە.