بڕیاری نوێی کۆمیسیۆن: حەوت سکاڵای یەکێتی و پارتی دژ بەیەک رەتکرانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق  چوار سکاڵای یەکێتی لە دژی پارتی و سێ سکاڵای پارتی لە دژی یەکێتی رەتکردەوە. هەروەها، سکاڵای دوو بەربژێری کریستیانى لە دژی دوو بەربژێری دیکەی سەرکەوتووی ئەو پێکهاتەیە رەتکردەوە، لیستێک بە 50 ملیۆن دینار سزای  پێبژاردن دەدرێت و بەربژێرێکیش زیاتر لە سێ هەزار دەنگى بەدەستهێناوە و دوورخرایەوە.
 
ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژانی 18 و 19ی تشرینی دووەمی 2025 دەریکردوون، پەیوەست بوون بە سکاڵاکانی قۆناخی دەنگدان و ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکە.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاری دا پەسەندکردنی بەربژێرێک هەڵبوەشێنێتەوە، کە 3750 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
 ئەحمەد غانم حەمید، بەربژێری لیستی رێکخراوی بەدر لە بازنەی نەینەوا، ئەو بەربژێرەیە کە کۆمیسیۆن بڕیاری دوورخستنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانەی داوە کە لە هەڵبژاردندا بەدەستی هێناوە، پاساوی دوورخستنەوەی پەیوەندارە بە پێشێلکردنی دوو بڕگەی ماددەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە تایبەتە بە بڕوانامە و پێشینەی تاوان.
 
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکەی کۆمیسیۆن سزای پێبژاردنی لیستی سقورنا بووە بە 50 ملیۆن دینار، کە یەکێکە لە لیستە سوننەکان. پاساوی ئەو سزای پێبژاردنەی کۆمیسیۆن گوتاری هاندانی تایفەگەری بووە. 
 
بەر لە هەڵبژاردن کۆمیسیۆن یەزن مشعان جبووری، سەرلیستەکەی  لە پارێزگای سەلاحەدین، دوورخستەوە.
 
هیشام مەنسووری، بەربژێری هاوپەیمانی ئەساس لە بازنەی بەسرە بە پێنج ملیۆن دینار سزای پێبژاردن دراوە بەهۆی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران چوار سکاڵای رێگەپێدراوی یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتکردووەتەوە، کە یەکێکیان لە دژی فازل میرانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی تۆمار کرابوو. 
 
کۆمیسیۆن سێ سکاڵای دیکەشی رەتکردووەتەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکێشی کردبوو.
 
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران سکاڵای نوێنەری هۆز و  ئەکادیمیسانی کوردانى  فەیلی و ویسام حەسەن میری لەدژی حەمزە زرکانی رەتکردووەتەوە، کە بەربژێری کۆتای کوردى فەیلی بووە. سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە ئەو بەربژێرە کوردی فەیلی نییە، بەڵام کۆمیسیۆن بە پشتبەستن بە نووسراوی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە ئەو بەربژێرە کورسی فەیلییە.
 
سکاڵایەکی دیکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رەتکراوەتەوە، کە دورەید جەمیل ئەیشوع، بەربژێری کۆتای کریستیان بۆ بازنەی کەرکووک لە دژی عیماد یۆخەنا یاقو، بەربژێری کریستیان لەهەمان بازنە پێشکەشی کردووە. عیماد یۆحەنا یاقو بە بەدەستهێنانی 17 هەزار و 680 دەنگ کورسی کۆتای کریستیانی لە کەرکووک بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا دورەید جەمیل ئەیشوع 12 هەزار و 838 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
کۆمسیۆن سکاڵایەکی هبە جەرجیس، بەربژێری کۆتای کریستیانی بۆ بازنەی هەولێر، رەتکردووەتەوە کە لەدژی کلدۆ رەمزی هورمز، بەربژێرێکی هەمان پێکهاتە لە هەولێر تۆماری کردووە. هۆکاری رەتکردنەوەکە ئەوە بووە کە سکاڵاکە لەو ماوەی یاسایی خۆیدا پێشکێش نەکراوە.
 
هبە جەرجیس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 13 هەزار و 614 دەنگی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا کلدۆ رەمەزی هورمز، بە بەدەستهێنانی 18 هەزار و 517 دەنگ کورسی کۆتای کریستیانی هەولێری بردووە.
 
رۆژى پێنجشەممە 20 ى تشرینى دووەمى 2025 ، دوا رۆژى وەرگرتنى تانەى تایبەت بە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو کۆتایی دەوامى ئەمڕۆ چوارشەممە 19ى تشرینى دووەم، ژمارەى تانەکان گەیشتووەتە 130 تانە.