بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا: هیچ گوشارێک لەسەر ئەمریکا نییە سەربازەکانی لە عێراق بهێڵێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک پانێڵێک بە بەشداری چوار میوان لەسەر "عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا" بەڕێوەچوو. یاریدەدەری وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرنجی ئێستای ئەمریکا لەسەر نیوەی رۆژئاوای زەوییە نەوەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. وەزیری پێشووتری گەنجینەی بەریتانیاش رایگەیاند، ئەورووپا و بەریتانیا ناتوانن بۆشایی نەبوونی سەرنجی ئەمریکا لەسەر ناوچەکە پڕبکەنەوە، چونکە خۆیان بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنن.
رۆژی چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، لە زانکۆی ئەمریکی کۆربەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوو. لەوێ پانێڵێک تایبەت بوو بە "عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.
کلارک کووپەر، یاریدەدەری وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی-سەربازی رایگەیاند، "20 ساڵ لەمەوبەر ئەمریکا پەیوەندییەکی تەواو جیاوازی لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەراورد بە ئەمڕۆ هەبوو". دەشڵێت، ئێستا لە ئەمریکا هیچ گوشارێک نییە بۆ ئەوەی سەرباز لە عێراق بهێڵێتەوە یان وەبەرهێنانی تێدا بکات. ئەگەر بەرپرسانی عێراق ئەوەیان بوێت، ئەوە ژمارەیەک داواکاری لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە هەیە، سەبارەت بە ژینگەی وەبەرهێنان کە پێویستە جێبەجێی بکەن.
کووپەر گوتیشی، واشنتن هیچ ویستێکی نییە بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی دیکە لە عێراق و ئێستا سەرنجەکەی زیاتر لەسەر نیوەی رۆژئاوای زەوییە، نەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشێکی گوتەکانی کووپەر لەبارەی گرنگی ناوچەکە بوو بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و گوتی، ئەمریکا تەنیا نیگەرانی بوونی ئێران نییە لە عێراق، بەڵکو نیگەرانی بەهێزبوونی داعشە لە ناوچەکە. دەشڵێت، ئەمە پرسێکی فراوانە و تەنیا پەیوەندی بە وڵاتێکەوە نییە.
پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکا بە وڵاتانی ئەورووپا
بەشێکی گفتوگۆکانی پانێڵەکە لەسەر جێگرتنەوەی کەمبوونەوەی سەرنجی ئەمریکا بوو لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپاوە. لەو بارەیەوە نەدەیم زەهاوی، وەزیری پێشووتری گەنجینەی بەریتانیا رایگەیاند، "لە دوو دەیەی رابردوودا بەریتانیا لە سیاسەتی دەرەوەدا پاشەکشەی کردووە".
دەشڵێت، بەریتانیا و 'یەکێتیی ئەورووپا' بە سەردەمی پەرشبوونی سەرنجدا تێدەپەڕن. بۆ نموونە "ئێمە وەکو بەریتانیا بە برێکزت و دەستوەردان لە میسر و لیبیادا رۆشتووین". هەروەها، زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپاش بە سەردەمی زۆری ژمارەی کۆچبەراندا دەڕۆن. ئەمەش سەرنجیانی پەرشکردووە.
دەرفەتەکانی ناوچەکە و داهاتووی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا
سەبارەت بە دەرفەتەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئیوگان رۆگن، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد گوتی، "ئێستا کاتی گۆڕانکارییە دوای چەندین ساڵ لە گرژی. جەنگەکان بەرەو کۆتایی چوون و هەنگاوی ئەرێنی هەبووە، لەوانە کۆتایی جەنگی غەززە، رووخانی ئەسەد و حکومەتێکی نوێ لە لوبنان".
ئەو سەبارەت بە دەرفەتەکان لە عێراقدا دەڵێت، "دەرفەتی زۆریش لە عێراقدا هەیە. عێراق ناوەندیکە بۆ سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەیەکی پڕ کێشەدا. ئەمەش پەیوەندی بە گۆڕانکارییە ئەرێنیەکانی عێراق و نەرێنیەکانی ناوچەکەوە هەیە. عێراق دەتوانێت رۆڵی سەقامگیری بۆ ناوچەکە ببینێت".
یەکێکی دیکە لە میوانانی پانێڵەکە جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری تورکیا بوو، باسی لە ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە کورد، عێراق، سووریا و تورکیا کرد.
چاندار گوتی، لە 2010ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە نزیکترین هاوبەشی تورکیا، نزیکتر لە سووریا، ئوردن و لوبنان. دەشڵێت، حکومەتی تورکیا زیاتر پاڵپشتی حکومەتی دیمەشق دەکات نەوەک کوردەکان بەڵام "من دەڵێم پێویستە جیاواز بێت چونکە ئەگەر پرۆسەی چارەسەر سەرکەوتووبێت، کە هیوادارم وابێت، ئەوا کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت".
دوای 41 ساڵ لە خەباتی چەکداری، لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و تێیدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا. کۆنگرەکە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو کە شوباتی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە. ئەمەش وەکو بەشێک بوو لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە پار لەو وڵاتە دەستیپێکرد.
جەنگیز چاندار گوتی: "تەنیا بە کارکردن لەگەڵ کوردەکان دەتوانین بیر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ بکەینەوە رووبەڕووبەڕی ئاڵۆزییەکان ببینەوە". گوتیشی: "کورد دەتوانێت رۆڵێکی بنیاتنەرانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبێت و ئێستاش زۆرترین سەرنج لەسەر کوردەکانی سووریایە. ئەگەر کوردەکانی سووریا و حکومەتی دیمەشق رێکبکەون، ئەوا دەکرێت هیوامان بە داهاتووی ناوچەکە هەبێت".