چەند کۆچبەرێکی کورد لە لیبیا دۆزرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا باسی بەدواداچوونیان بۆ چارەنووسی چەند کۆچبەرێکی کورد لەو وڵاتە دەکات و، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوئاهەنگی و قەیرانەکانیش لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 90 کۆچبەریان بە سێ کاروان گەڕاندووەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 13 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بە نایاسایی هاتوونەتە لیبیا."
 
ئەحمەد سەحاف گوتی، "هاوئاهەنگی لە ئاستێکی باڵادا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی لە تەرابلووس دەکەین، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی خۆویستانەیان بۆ عێراق."
 
هاوکات، سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوئاهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ئەو پەنابەرە کوردانە 12 کەسن و ئێمە دوای ئەوەی کە لەم ماوانەی دواییدا 40 کۆچبەرمان گەڕاندەوە، ئەوان باسی ئەو 12 کۆچبەرەی دیکەیان بۆ کردین.
 
سروە رەسووڵ گوتی، "رێکاری گەڕاندنەوەیانمان دەستپێکردووە و لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەیانگەڕێنینەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوئاهەنگی و قەیرانەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دوایین سێ کارواندا، 90 کۆچبەری کوردمان لە لیبیا گەڕاندووەتەوە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 6ی ئەم مانگە، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە رووداوی گوت، "25 کۆچبەری عێراقییان گەڕاندووەتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی چووبوونە نێو خاکی ئەو وڵاتە عەرەبییەی باکووری ئەفریقا."