رووداو رووماڵێکی سەرکەوتووانەی مۆندیالی ئەنجامدا
تۆڕی میدیایی رووداو، بە درێژایی ماوەی مۆندیال لە 20ی نۆڤەمبەر تاوەکو 18ی دیسەمبەری 2022، رووماڵێکی فراوانی کرد لە کوردستان، قەتەر، ئەرجەنتین، فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەش. تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوی هەبوو لەنێو ناوەندی میدیایی مۆندیالی قەتەر و، چەند پرسیار و وەڵامێکیش لەلایەن راهێنەر و یاریزانەکانی هەڵبژاردەکانی جیهانەوە بۆ نێردراوی رووداو بوونە سەردێری هەواڵە وەرزشییەکان لە جیهان دا.
ستۆدیۆی رووداو و پەیامنێرانی رووداو لە قەتەر، خۆشی و هەستی لاوانی کوردستان و جیهانیان بەو بۆنە جیهانییە وەرزشییەوە لە قەتەر گواستەوە و رووماڵ کرد.
هەروەها تیمی رووداو لە ئەرجەنتین بەشێوەیەکی بەرفراوان خۆشی و ئاهەنگگێڕانی گەلی ئەرجەنتینی لە بۆینس ئایرسەوە گواستەوە. هەروەها لە هەموو شارەکانی باشووری کوردستانیش لەگەڵ خۆشی و ئاهەنگەکانی گەنجانی کوردستان دابوو .
تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرەتای دەستپێکردنی یاریەکانی مۆندیالی 2022 لە سینەما ئیمپایەر لە فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر، لە بەرنامەیەکی شێواز نوێدا لە هۆڵێکی سینەماکەدا دەرفەتی بینینی یاریەکانی مۆندیالی لەسەر سکرینی سینەمایی بۆ 4500 کچ و کوڕ لە هەموو شارەکانی باشووری کوردستان رەخساند، بە گواستنەوە و میوانداریکردنیان بۆ هەولێر. لەوانەش 2400 کەس بەشدارییان لە پێشبڕکێی بەرنامەی (سینەما مۆندیال) دا کرد، لە ئەنجام دا پێشبینی 44 بەشداربوو راست دەرچوو بۆ هەڵبژاردە براوەکانی یەکەم، دووەم و سێیەمی جامی جیهانیی تۆپی پێ، سەرئەنجام یەک کچ و دوو کوڕی بەشداربوو لە تیر و پشکەکەدا دەرچوون و خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەمی (سینەما مۆندیال)یان بەدەستهێنا.
هەروەها چەندین کۆنسوڵ و بەرپرس و هونەرمەند و کەسایەتی وەک میوان لە 41 بەرنامەی (سینەما مۆندیال)ی رووداو دا بەشداربوون.
لە رووماڵکردنی مۆندیال دا، جارێکی دیکە دێسکی وەرزشیی رووداو بەتوانایی خۆی نیشاندا و، تۆڕی میدیایی رووداویش بەگشتی بێ رکابەریی خۆی لە خزمەتکردنی لاوان دا نیشاندایەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو
19-12-2022