ئەڵمانیا ژمارەیەک پەنابەری کوردی دیپۆرتکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا چەند کەسێکی دیپۆرتی عێراق کردەوە، کە ژمارەیەکیان کوردن. لەنێویاندا کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە.
 
رەنج پشدەری، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە ئەورووپا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دیپۆرتکردنەوەکە ئەمڕۆ بووە و لە فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرفەوە رەوانەی فڕۆکەخانەی بەغدا کراون".
 
ئەو چالاکڤانە دەڵێت: "لەنێو ئەوانەی دەنێردرێنەوە ژمارەیەک کورد هەن؛ یەکێکیان ناوی گۆران حوسێنە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە".
 
دیپۆرتکردنەوەی گۆران حوسێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیگەرانیی هاونیشتمانییانی دیاسپۆرای لێکەوتووەتەوە و هاوسۆزییەکی گشتیی بۆ دروستبووە.
 
رەنج پشدەری گوتی، ساڵی رابردوو سەردانی گۆران حوسێنی کردووە و ئەوکات گوتوویەتی، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی دراوە.
 
گۆران حوسێن لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەژیا و خەڵکی شاری سلێمانییە. بڕیارە دوای گەیشتنی بۆ بەغدا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەوانەی دیپۆرتکراوەنەتەوە مافی مانەوەیان لەلایەن ئەو وڵاتەوە پێنەدراوە و پێشتر داوای پەنابەریێتییان رەتکراوەتەوە.