رێکخراوێکی ئەڵمانی بە 3000 یۆرۆ پاڵپشتیی جووتیاران و باخەوانانی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی ئەڵمانیی داوا لە باخەوانان و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات، فۆڕمێک پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە پێدانی 3 هەزار یۆرۆ. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: "50 جووتیار و باخەوان و 20 رێکخراوی پشتیوانی لە جووتیاران پارەکەیان پێدەدرێت".
رێکخراوی ئینپاکتی (enpact)ـی ئەڵمانی لە ماڵپەڕەکەیدا فۆڕمێکی بۆ باخەوان، جووتیاران و ئەو رێکخراوانە داناوە کە پشتیوانی پڕۆژەی کشتووکاڵی دەکەن و رایگەیاندووە: "پرۆگرامی (دروێنە) پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی بۆ 50 لە جووتیارە بچووک و مامناوەندەکانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراق دابین دەکات".
بژار محێدین، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە رێکخراوی ئینپاکتی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جووتیارانی گوندەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەتوانن فۆڕمی بەشداربوون پڕبکەنەوە و بەگوێرەی مەرجەکان پشتیوانی دەکرێن".
لەبارەی مەرجەکانەوە بژار محێدین گوتی: "دەبێ جووتیارەکە هێندە گەورە نەبێ پێویستیی بە هاوکاری نەبێت، نابێ زەوییەکە لە هەشت دۆنم زیاتر بێ و دەبێت کاری سەرەکیی جووتیاریی بێت".
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرجەم باخەوان و جووتیاران دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن، دواتر رێکخراوەکە هەڵسەنگاندن دەکات و ژمارەی پێویستیان هەڵدەبژێرێت".
سەرەتا 70 جووتیار و باخەوان هەڵدەبژێردرێن، دواتر 50یان دیاری دەکرێن بۆ پشتیوانی دارایی 3 هەزار یۆرۆ. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجیان هاندانە بۆ زیاترکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی.
بژار محێدین، ، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی: "لەگەڵ پشتیوانیی دارایی 50 جووتیار و باخەواندا، 20 رێکخراوی تایبەت بە پشتیوانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیش بە هەمان بڕ و بە 3 هەزار یۆرۆ پاڵپشتیی دارایی دەکرێن".
ماڵپەڕی ئینپاکت لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە: "سەرەتا جووتیاران و باخەوانان چوار رۆژ راهێنانی بەردەوامیان پێدەکرێت، پاشان دەچنە قۆناخی پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی، هەروەها رێنمایی و ئامۆژگاری کرداری تایبەت بە تەکنیکەکانی کشتوکاڵ، شارەزایی بازرگانی و کردارە بەردەوامەکان وەردەگرن".
بەگوێرەی رێکخراوە ئەڵمانییەکە بێت، جووتیاران و باخەوانان لە پڕۆژەکەدا چەند سوودێک بەدەستدەهێنن کە ئەمانەن:
- شارەزایی نوێ بۆ کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی کارەکە.
- ئەزموون و بیرۆکەکان لەگەڵ جووتیاران و دامەزراوەکانی دیکە ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
- ئاستەنگی و دەرفەتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگاکەت دیاری دەکەیت.
- دەستدەکەیت بە دروستکردنی پەیوەندییەکان بۆ پاڵپشتی درێژخایەن.
- راهێنان و ئامۆژگاری لەسەر بەڕێوەبردنی کێڵگەی کشتوکاڵی، بەرهەمهێنان و کارامەیی بازرگانی.
- سەردانی مەیدانی لەلایەن شارەزایان و هاوکاران بۆ رێنمایی و پشتگیریکردنتان
بەگوێرەی ماڵپەڕەکەیان، "پرۆگرامی دروێنە لەلایەن رێکخراوی قازانجنەویستی enpact پەرەی پێدراوە و جێبەجێ دەکرێت بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی GIZی ئەڵمانی و بە پشتیوانی دارایی وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاریکاری ئابووریی و پەرەپێدان (BMZ)".
جووتیاران و باخەوانان دەبێت لە رێگەی ئەم لینکەوە فۆڕمێک دابگرن، دوای پڕکردنەوەی سکانی بکەن و بۆ یەکێک لەم ژمارانەی بنێرن:
07504294299
07701241083