قایمقامی رزگاری بۆ رووداو: لە شەڕێکدا 4 کەس کوژران و 7 کەس برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی خاڵەبەگ لە ناحیەی باوەنووری سەر بە قەزای رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا. جەمال مام ساڵح، قایمقامی رزگاری بە رووداوی راگەیاند، 4 كەس كوژراون و 7ی دیکە بریندار بوون.
 
رۆژی هەینی 19-12-2025 قایمقامی رزگاری بە رووداوی گوت: "كێشەی زەویوزار لەنێوان دوو بنەماڵەكە هەبووە و كەیسەكەیان لە دادگە بووە، بەڵام ئەمڕۆ پێش ئەوەی كەیسەكە یەكلابێتەوە بووەتە شەڕیان و 4 كوژراو و 7 برینداری لێكەوتووەتەوە."
 
جەمال مام ساڵح گوتیشی: "کەیسەکە 6 مانگە لە دادگە بوو و پێش یەکلاییبوونەوەی، دەمەقاڵی لەنێوان بنەماڵەکان دروستبووە و بە چەک رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە. 4 لە کوژراوەکان لە یەک بنەماڵەن و 7 بریندارەکەش لە هەردوولان. دوو بریندار دۆخیان باش نییە."
 
لەبارەی ناوی کوژراو و بریندارەکانیش، جەمال مام ساڵح گوتی: "ئەوانەی کوژراون ناویان فەرەیدوون حەسەن، بێستوون حەسەن و فەرهاد حەسەنە و برای یەکدین. کوژراوی چوارەمیش ناوی نەوزادە و ئامۆزا و زاوای کوژراوەکانە. بریندارەکانیش ناویان مەسعود، شەریف، محەممەد، ئیبراهیم، بایز، ئەرکان و هێمنە."
 
بەگوتەی قایمقامی رزگاری، بریندارەکان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
 
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژاری کەلار گوتی: "بەشێک لە بریندارەکان دۆخیان ناجێگیرە و نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێ."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، لە لایەنی کوژراوەکان کەسێک بریندارە و لە لەیەکەی دیکە شەس کەس بریندار بوون.
 
دەقی راگەیێندراوی پۆلیسی گەرمیان:
 
لەسەرکێشەی زەویوزار چوار کەس کوژاو حەوت کەسیش برینداربوون
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر رێگای گوندی خاڵە بەگ سەربە قەزای رزگاری لەسەر زەویوزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن روویدا کە خزمی یەکترن لەئەنجامدا چوار کەس  لەیەک تەرەف گیانیان لەدەستدا، سێ دانەیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە و برایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە.
 
لەتەرەفی بەرامبەریش شەش کەس برینداربوون، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.
 
لەئێستادا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە. 
 
لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە رەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگە و زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، 
چونکە ئەمەتەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی بەدەستهاتووی رووداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە  هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تاوەکو هەموو بڕیارەکانی تر
 
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان 
 
١٩- ١٢-٢٠٢٥