وردەکاریی کوشتنی ئەفسەرە کریستیانەکەی کەرکووک؛ "هاوکارە پێشووەکانی کوشتیان"
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاریی کوشتنی عەقید زەید عادل سوبەیح لە کەرکووک ئاشکرا دەکات و دەڵێ، دوو لە هاوکارەکانی پێشووی تاوانەکەیان ئەنجامداوە کە دواتر یەکێکیان خۆی کوشتووە و کەسەکەی دیکەش دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ هەینی، 19-12-2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵنەری تاوانەکە "کێشەی تایبەتی" بووە و لە ئەنجامی ناکۆکی لەگەڵ عەقید زەید، دوو هاوکاری پێشووی کە کارمەندی پۆلیسن، لەبەردەم ماڵەکەیدا کوشتوویانە و دواتر هەڵاتوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری، ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکراکراوە و دەرکەوتووە یەکێکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی لە ناحیەی لەیلان خۆی کوشتووە و تۆمەتبارەکەی دیکەش کە برای تۆمەتبارەکەی دیکەیە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەدا ناوە.
هاوکات، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی پشتڕاستکردەوە و دەستخۆشی لە پۆلیسی کەرکووک کرد "بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەم تاوانە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، تاوەکو رادەستی دادگەیەکی دادپەروەر بکرێ."