بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".
ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا (FCDO) بڵاویکردەوە، سزاکان بریتیین لە بلۆککردنی سەرمایە و قەدەخەی گەشتکردن بۆ بەریتانیا. ئەم بڕیارەش ساڵێک دوای ئەوە دێت کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پێشوو لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند و کۆتاییان بە فەرمانڕەوایی نیو سەدەی بنەماڵەکەی هێنا.
ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ هەموو سووریاییەکان گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی چارەسەرێکی سیاسیی سەرکەوتوو و بەردەوام لە سووریا."
ئەو گرووپانەی بەر سزاکان کەوتوون بریتین لە فیرقەی حەمزە، فیرقەی سوڵتان موراد و فیرقەی سوڵتان سولەیمان شاهـ.
فەرماندەی ئەو گرووپانەش خراونەتە لیستی سزاکانەوە کە بریتین لە محەممەد حوسێن جاسم ناسراو بە ئەبو عەمشە؛ سەیفەدین بۆلاد ناسراو بە ئەبوبەکر؛ میقداد لوئەی فاتیحە و غەیس سولەیمان دەللــە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بەریتانیا، ئەو فەرماندانە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل لە کاتی شەڕی نێوخۆ و ئەنجامدانی پێکدادانی خوێناوی لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا لە ئاداری 2025 کە تێیدا پێکهاتەی عەلەوییەکان کرانە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە دوو بازرگانی رووسی- سووری بە ناوەکانی مودەللـەل خووری و عیماد مەتانیۆس خووری سزادران، ئەوەش بەهۆی "پشتیوانیی دارایی بۆ رژێمی ئەسەد، بە چالاکییەکانی پەیوەست بە چەکی کیمیاییشەوە".
سەپاندنی ئەم سزایانە دوای شەپۆلێکی تووندوتیژی دێت لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتووس لە سەرەتای ساڵی 2025، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی سوپایەکی یەکگرتووی سووریا لەژێر سەرپەرشتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا بەردەوامن.
بەریتانیا بەدرێژایی ساڵی 2025 بەشێک لە سزاکانی سەر سووریای سووک کردن بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەی ئابووری، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە سزای ئەو کەسانەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان کردووە، دەهێڵێتەوە.
پێشتریش لە ئایاری 2025، یەکێتیی ئەورووپا سزای هاوشێوەی خستبووە سەر بەشێک لەو گرووپ و فەرماندانە.
لەندەن پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا، هاوکات بەدواداچوون بۆ سزادانی ئەوانەش دەکات کە بەرپرسن لە تاوانەکانی کاتی شەڕی نێوخۆ و قۆناخی دوای شەڕەکەش.
بەهۆێ پێشێلکاری و چەوساندنەوەی خەڵکی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا لە ئابی 2023، فیرقەی سولەیمان شاهـ و فیرقەی حەمزە و سەرکردەکانیانی خستنە لیستی سزاکانییەوە.