گومرگی ئیلام: لە 8 مانگدا بایی زیاتر لە ملیارێک دۆلار کاڵا هەناردە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام رایگەیاند، لە هەشت مانگدا، بایی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵا بە دەروازە سنوورییەکەدا هەناردە کراوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-12-2025، موراد محەممەدی، جێگری بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاروباری گەشەپێدان رایگەیاند، لە 21ـی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو 21ـی تشرینی دووەم، واتا لە هەشت مانگدا، یەک ملیۆن و 678 هەزار و 656 تۆن کاڵا بە دەروازەی سنووریی میهراندا هەناردە کراوە.
بەگوتەی موراد محەممەدی، لەو ماوەیەدا، بەهای کاڵا هەناردەکراوەکان گەیشتووەتە یەک ملیار و 15 ملیۆن و 610 هەزار دۆلار.
وەک جێگری بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام دەڵێت، دەروازە سنوورییەکە 69 ملیار و 300 ملیۆن تمەن داهاتی بووە کە بەراورد بە هەمان کاتی پار، 43٪ زیادی کردووە.
هاوکات موراد محەممەدی ئاماژەی بە هاتووچۆی گەشتیارانیش کرد بە دەروازەی سنووریی میهراندا و گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوییەوە، واتا لە نۆ مانگدا، زیاتر لە شەش ملیۆن و 669 هەزار کەس بە دەروازە سنوورییەکەدا هاتووچۆیان کردووە.
دەروازەی سنووریی میهران بە دووری 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
دەروازەکە یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراقە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەروەها بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.