مارکۆ روبیۆ: بەبێ چەککردنی حەماس ئاشتی لە غەززە بەدەست نایەت
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوایین هەڵوێستی حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی چەند دۆسیەیەکی گەرمی جیهانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، داماڵینی چەکی حەماس مەرجی سەرەکییە بۆ هەر ئاشتییەک لە کەرتی غەززە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی گەشبینە بە ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە.
رۆژی هەینی 19-12-2025، مارکۆ روبیۆ لە واشنتن لەبارەی دۆخی غەززە هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر حەماس لە داهاتوودا لە پێگەیەکدا بێت کە بتوانێ هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات یان هێرشی بکاتەسەر، ئەوا ئاشتی بەدەستنایەت؛" ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە پرسی "داماڵینی چەک" هێندە هەستیار و گرنگە.
پێکهێنانی هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە
سەبارەت بە داهاتووی ئاسایش لە کەرتی غەززە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا کە وڵاتان ئامادەن هێزەکانیان بۆ بەشداریکردن لە (هێزی جێگیرکردنی ئاشتی) رەوانە بکەن. روبیۆ گوتی: "زۆر دڵنیام کە کۆمەڵێک وڵاتمان هەیە لای هەموو لایەنەکان قبووڵکراون و ئامادەن بێنە پێشەوە و ببنە بەشێک لەو هێزی جێگیرکردنە."
دۆخی ڤەنزوێلا
مارکۆ روبیۆ تیشکی خستە سەر دۆخی ڤەنزوێلا و رایگەیاند، مانەوەی دۆخەکە بەو شێوەیەی ئێستا "بەرگەنەگیراوە" و دەبێت بگۆڕێ؛ روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا نیگەران نییە لە هەر بەهێزبوونی پێگەی رووسیا لە ناوچەکەدا و گوتی: "رووسیا ئێستا سەرقاڵی جەنگی ئۆکرانیایە و کاتی بۆ شتی دیکە نییە."
لەبارەی رێگەگرتن لە جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوێلاش، روبیۆ گوتی: "هیچ شتێک نابێتە بەربەست لەبەردەم توانای ئێمە بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی ئەمریکا لە پرسی سزاکاندا. ئێمە فەرمانی دادگاکەمان لەبەر دەستە و جێبەجێی دەکەین."
ئۆکرانیا و جەنگی تایلەند - کەمبۆدیا
سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە واشنتن دەیەوێ رێککەوتنێک بەسەر کیێڤدا بسەپێنێت. روبیۆ گوتی: "ئەو دەنگۆیەی دەڵێ ئێمە گوشار لە ئۆکرانیا دەکەین، پێکەنیناوییە. ئێمە ناتوانین نە ئۆکرانیا و نە رووسیا ناچاربکەین رێککەوتن بکەن؛ دەبێت خۆیان بیانەوێ ئەو کارە بکەن."
لەکۆتاییشدا، مارک روبیۆ ئاماژەی بە کێشە سنوورییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کرد و هیوای خواست تاوەکو رۆژی دووشەممە یان سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، تایلەند و کەمبۆدیا بگەنە رێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانیان؛ گوتیشی: "بە گەشبینییەوە دەڕوانینە ئەو پرسە.