ئاگر لە رەحیماوای کەرکووک زیانی بە چەند ماڵ و دووکانێک گەیاند

رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دووکانێکی رۆنگۆڕ لە کەرکووک کەوتەوە و زیانی بە چەند ماڵ و دووکانێکی نزیکی گەیاند. 
 
رۆژی هەینی 19-12-2025 لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک، ئاگر لە دووکانێکی رۆنگۆڕ کەوتەوە و زیانی بە چەند ماڵ و دووکانێکی نزیکی گەیاند. 
 
ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنتڕۆڵیان کرد.
 
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکەکە بە رووداوی گوت، دووکانی رۆنگۆڕەکە بەنزینی لێبووە، ئاگرەکە لەوەوە تەشەنەی سەندووە و رایگەیاند: "خاوەنی دووکانەکە بەنزینەکەی جێهێشتبوو."
 
ئەو هاونیشتمانییە کە ماڵەکەشی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانی بەرکەتبوو، گوتی: "ماڵمان هیچی لێدەرنەچووە، کەلوپەل و پارەمان نەماوە و هەمووی سووتاوە. دوو دووکانمان بە کرێ گرتووە، هەردووکیان سووتاون."
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە گوتی: "ئەو ماڵەی ئاگری گرتووە، ماڵێکی هەژارە، جگە لە ماڵەکەیان، دووکانێکیشیان سووتاوە."