شەفافیەت: داهاتی هەفتەیەکی سلێمانی زیاتر لە 15 ملیار دینار بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، گەیشتووەتە زیاتر لە 15 ملیار دینار و بەراورد بە هەفتەی پێشتر نزیکەی دوو ملیار دینار زیادیکردووە.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردەوە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 13-12-2025 تاوەکو رۆژی هەینی، 19-12-2025،  15 ملیار و 58 ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە.
 
وەکو ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور 13 ملیار و 969 ملیۆن و 294 ملیۆن و 858 هەزار دینار بووە، بەمەش داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو ملیارێک و 763 ملیۆن و 642 هەزار دینار زیادیکردووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
 
ماڵپەڕەکە داهاتی مانگانەی سنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە 25-10-2025 بۆ 25ـی مانگی 11، 62 ملیار و 62 ملیۆن و 655 هەزار دینار بووە، لە 25ـی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 37 ملیار و 405 ملیۆن و 564 هەزار دینارە.
 
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 824 ملیار دینار.
 
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
 
بە دروشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات.