گۆڕان کۆنفرانس دەبەستێت؛ رێکخەری نوێ هەڵنابژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێبکات. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکە دەڵێت، لە کۆنفرانسدا تاوتوێی دەستووری بزووتنەوەکە دەکرێت و رێکخەر و ئەندامانی جڤات هەڵنابژێردرێن.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 20-01-2024، دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە بەشداری نزیکەی 850 ئەندام لە شاری سلێمانی دەستپێبکات و ماوەی دوو رۆژ بخایەنێت.
کۆنفرانسی دووەمی بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە حیزبەکە لە دۆخێکی باشدا نییە، چونکە لە 10 ساڵی یەکەمی تەمەنی بزووتنەوەکەدا لە شەش هەڵبژاردنی پەرلەمانەکانی کوردستان و عێراقدا 83 ئەندامی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە 10ـی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو یەک کورسیشی بەدەستنەهێنا؛ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیشدا کە کۆتایی 2023 بەڕێوەچوو بەشداری نەکرد.
"رێکخەری نوێ هەڵنابژێردرێت"
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسدا سەرەتا راپۆرتی رێکخەری گشتی دەخوێندرێتەوە، پاشان دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانس دیاری دەکرێت.
سیستمی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە زۆرینەی حیزبەکانی دیکە. نزار مەحموود کە ئەندامی دووەم کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕانە دەڵێت، "لە کۆنفرانسدا ئەندامانی جڤاتەکان و رێکخەری گشتی هەڵنابژێردرێن و زیاتر گفتوگۆ لە بارەی پەیڕەو و راپۆرتەکان دەکرێت".
دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەی یەکەمی حیزبەکەدا لە رۆژانی 26 و 27ـی 12-2013 لە هەولێر پەسند کرا و لە 62 لاپەڕە پێکهاتووە. نزار مەحموود گوتی، پێش کۆنفرانس لەلایەن ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکەوە دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و "گۆڕانکاری" لە چەند بڕگەیەکیدا کراوە و لە کۆنفرانسدا دەنگی لەسەر دەدەرێت.
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفا ئەمین، پێشمەرگە و کەسایەتیی دیاری سیاسیی کوردستان و جێگری پێشووی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە دامەزرا؛ سەرەتا و رۆژی 28-4-2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی ژمارە 159 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ناساند.
هەروەها مێژووی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک "رێکخراوێکی سیاسی" دەگەڕێتەوە بۆ 31-5-2010، کاتێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە 13382 مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.
گۆڕان لە سەردەمی نەوشیروان مستەفادا
بەگوێرەی داتاکان و ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی بزووتنەوەکە، دەکرێت بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دوو قۆناخ دابەش بکرێت؛ سەردەمێک نەوشیروان مستەفا رێکخەری بوو و سەردەمی دوای کۆچی دوایی.
لە یەکەم بەشداربوونی گۆڕاندا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 25-07-2009 بەسەرپەشتیی نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەکە توانی 25 کورسی لە کۆی 111 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و ببێتە دووەم گەورەترین فراکسیۆن لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان و تاوەکو کۆتایی خولەکەش وەکو ئۆپۆزیسیۆن مایەوە.
دووەم هەڵبژاردن کە بزووتنەوەی گۆڕان تێیدا بەشداری کرد، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو کە 07-03-2010 بەڕێوەچوو. لەو هەڵبژاردنەدا حیزبەکە 487 هەزار و 151 دەنگی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی هەشت کورسیی پەرلەمانی عێراق.
لە هەڵبژاردنی 21-02-2013ـی پەرلەمانی کوردستاندا، گۆڕان پارێزگاری لە بەشی زۆری دەنگەکانی کرد و توانی 24 کورسی پەرلەمان بباتەوە.
هەروەها لە هەڵبژاردنی 30-04-2014ـی پەرلەمانی عێراقدا کە دوایین هەڵبژاردن بوو بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا بەڕێوەبچێت، گۆڕان کورسییەکانی لە هەشت کورسییەوە کردە نۆ کورسی.
گۆڕان دوای گیانلەدەستدانی نەوشیروان مستەفا
بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای رێکخەری گشتی، دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا وردە وردە کەمی کرد.
نەوشیروان مستەفا ئەمین، رۆژی هەینی 19-5-2017 لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد؛ یەکەم هەڵبژاردن دوای گیانلەدەستدانی رێکخەرەکەی، هەڵبژاردنی 12-05-2018ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو کە گۆڕان کورسییەکانی لە 9 کورسییەوە کەمیکرد بۆ پێنج کورسی.
هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 30-09-2018 بەڕێوەچوو، گۆڕان کورسییەکانی بۆ نیوە کەمیکرد و 12 کورسی بەدەستهێنا.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بزووتنەوەی گۆڕان بە لیستێکی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەشداری کرد و لەو هەڵبژاردنەدا و بۆ یەکەم جار، بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت.
لە دوایین هەڵبژاردنیشدا کە بۆ ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان لە 18-12-2023 بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری نەکرد و بە فەرمیش پشتیوانی هیچ هێزێکی نەکرد.
ئێستا عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانە. خانەی راپەڕاندن دوای هەڵبژاردنەکانی 2021 کارەکانی هەڵوەشێندرایەوە، بڕیارە دوای کۆنفرانس کاربکرێت بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری و نوێ و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.