گوتەبێژی یەکێتی: یەکڕیزی و رێککەوتنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان باشترین بژارەیە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە، یەکڕیزی و رێککەوتنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان باشترین بژارەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20-01-2025 سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەوەی کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنمان، هەوڵی یەکڕیزیی کوردە."
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد و گوتی، "ئەو کۆبوونەوانەی دەکرێن، جێگەی دڵخۆشین بۆ هەموو کەسێک."
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەی خستەڕوو، "ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئێمە، پێویستە هەموومان بنمیچی داخوازییەکانمان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنین و بەرەو رێککەوتن بچین."
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 کرا، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی وەک لایەنی یەکەم و دووەمی براوەی هەڵبژاردنەکە، چەندین کۆبوونەوەیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "رێککەوتن تەنیا رێگەیە بۆئەوەی سوود لەم دۆخە رەخساوە نێودەوڵەتییە وەربگرین، بە پێچەوانەکەی، بە دەستی خۆمان، خۆمان تووشی کێشە دەکەین."