هاتووچۆی سیتەک بۆ هاونیشتمانییان: مەیەن بۆ سیتەک و رێگەی شاخی ئەزمڕ بەکارمەهێنن

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەفربارینەوە هاونیشتمانییانی سنووری سلێمانی روویان لە چیای ئەزمەڕ و گۆیژە کردبوو، هاتووچۆی سیتەک هاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە کە لە توونێلی پێشڕەو ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە. بۆ کاری پێوست نەبوو نەیەنە سیتەک.
 
دووشەممە، 20-01-2024 شەپۆلێکی بەفربارین بەشێکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان، هاونیشتمانییان بۆ کاتبەسەر بردن روویان لەو ناوچانە کرد.
 
موقەدەم هەرێم نەجات، بەرپرسی بنکەی هاتووچۆی سیتەک لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "بەهۆی بەفربارینەوە لەسەر رێگەی توونێلی پێشڕەو بەرەو سیتەک، ئاستەنگ دروست بووە" تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوە و کردنەوەی رێگەکەن.
 
بەرپرسی بنکەی هاتووچۆی سیتەک هاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە کە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی سیتەک نەکەن، لەبەر ئەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ هەیە و هاوکات رێگای شاخی ئەزمەڕیش بەکارنەهێنن.
 
هاوکات لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، هاتووچۆی پێنجوێن داوا لە شۆفێران دەکات: "رێگەی شاخی ملەکەوە ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە و هاتووچۆی لێوە مەکەن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە "رۆژی دووشەممە، 20-1-2025 لە زۆربەی ناوچەکان، ئاسمان بەتەواوی هەور دەبێت و باران دەبارێت؛ بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت. پلەی گەرما 6 بۆ 7 پلە دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییەکان دەچێتە ژێر سفر."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی باران و بەفرەوە دەڵێت، لەناوچە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵات بڕەکەی زیاتر دەبێت. لە شاری سلێمانی پێشبینیی تێکەڵەى بەفر و باران بۆ ماوەیەکی کورت دەکرێت.