ئەم شەپۆلەی بەفر و بارانە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران دەبارێت و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە "ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-1-2025) لە زۆربەی ناوچەکان، ئاسمان بەتەواوی هەور دەبێت و باران دەبارێت؛ بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت. پلەی گەرما 6 بۆ 7 پلە دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییەکان دەچێتە ژێر سفر."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی باران و بەفرەوە دەڵێت، لەناوچە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵات بڕەکەی زیاتر دەبێت. لە شاری سلێمانی پێشبینیی تێکەڵەى بەفر و باران بۆ ماوەیەکی کورت دەکرێت.
 
 
هەر ئەمڕۆ شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت "کاریگەریی شەپۆلەکە پێش نیوەشەو لە هەموو ناوچەکان کۆتایی دێت. لە سبەیەوە کەش ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام وشکەسەرما تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە "لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ ناوچە شاخاوییەکان کەم دەبێتەوە، پاشان لە کاتەکانی درەنگدا کاریگەریی کۆتایى دێت و ئاسمان بەرەو ساماڵبوون دەگۆڕێت."  
 
 
بە گوتەی شاڵاو هیدایەت، له 25ـی ئەم مانگەوە تاوەکو کۆتایی مانگ، شەپۆلی دیکەی سەرماوسۆڵە بەڕێوەیە بەڵام جێگیر نییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەفر لە ئامێدی، دینارتە، کانی ماسی، بارزان، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، سلێمانی و دەوروبەری، پێنجوێن، تەوێڵە، بیارە، پیرمام و شەقڵاوە دەبارێت.
 
سەبارەت بە کەش و پلەی گەرمای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئاسمان ساماڵ و سارد دەبێت. شەختە لە ناوچە بەرزەکان دروست دەبێت و ئەگەری تەم لە بەیانی زووەوە هەیە. بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، پلەی گەرما 4 تاوەکو 6 پلە بەرز دەبێتەوە."

 

 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 12 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 9 پلەى سیلیزى
دهۆک؛ 10 پلەى سیلیزى
کەرکوک؛ 14 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 11 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە:؛ 10 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران؛ -3 پلەى سیلیزى
سۆران؛ 7 پلەى سیلیزى
گەرمیان؛ 12 پلەى سیلیزى