ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە هەرێمی کوردستان؛ "خۆتان لە خۆپێشاندانەکان بەدووربگرن"
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و داوا دەکات، خۆیان لە شوێنی خۆپێشاندان و گردبوونەوەکان بەدووربگرن.
لە راگەیێندراوەکەدا، کۆنسووڵخانەی ئەمریکا دەڵێت، چاودێریی بانگەوازی خۆپێشاندانەکان دەکات، کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن.
مەبەست لەو خۆپێشاندانە ئەوانەیە کە بۆ پشتیوانیکردن لە رۆژئاوای کوردستان رێکدەخرێن. هۆشدارییەکە دوای ئەوە دێت، شەوی دووشەممە سەدان کەس لەبەردەم کۆنسووڵخانەکە داوایان کرد، ئەمریکا گوشار بکات بۆ وەستاندنی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە نزیکەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان.
کۆنسووڵخانەکە هۆشداریی داوە، "ئەم جۆرە خۆپێشاندانانە دەکرێت بە خێرایی پەرەبسەنن و بگۆڕێن بۆ تووندوتیژی،" هەروەها دەبنە هۆی تێکدانی هاتووچۆ و خزمەتگوزارییەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هۆشداریی ئەمریکا بۆ گەشتکردن بۆ عێراق وەکو خۆی لە "ئاستی چوارەم"دا ماوەتەوە، کە دەڵێت "گەشت مەکە"، بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، رفاندن، پێکدادانی چەکداری و ناسەقامگیری.
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات، خۆیان لە شوێنی خۆپێشاندانەکان بەدووربگرن، ئاگاداری دەوروبەری خۆیان بن، خۆیان نەخەنە بەرچاو و بەردەوام چاودێریی میدیا ناوخۆییەکان بکەن بۆ زانینی دوایین پێشهاتەکان.