حەسەن کۆچەر: شەڕی کەرامەتە و رێگە نادەین دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕدرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە نێوەڕاستی شاری حەسەکە و لە نێو کۆڕی شەڕڤانان و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییاندا، پەیامێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە هێرشبەرەکان کرد و رایگەیاند، ناوچەکە رووبەڕووی شەڕێکی چارەنووسساز بووەتەوە.
"هەوڵی قڕکردنی نەتەوەیەک دەدرێت"
حەسەن کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد، لە 6ـی ئەم مانگەوە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەکانیان دەستیپێکردووە کە ئامانجەکەی تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو مەبەست لێی "قڕکردنی نەتەوەی کورد، لەنێوبردنی کولتوورەکەی و تێکدانی قەوارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکراتە."
هۆشداری لە زیندووکردنەوەی داعش
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، کۆچەر رەخنەی تووندی لە هێزە نێودەوڵەتییەکان گرت و وڵاتانی جیهانی بە بەرپرسیار زانی لە تێکچوونی دۆخەکە. گوتی، "ئەو وڵاتانەی دەڵێن شەڕی داعش دەکەین، ئێستا بە بێدەنگییان خەریکە داعش زیندوو دەکەنەوە."
ئاشکراشی کرد، ئێستا مەترسییەکی گەورە لەسەر زیندانی "ئەقتان" لە رەققە هەیە کە زیاتر لە دوو هەزار چەکداری داعشی تێدایە و تەنیا شەڕڤانان بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە، بێ ئەوەی هیچ هێزێکی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات.
بانگەوازێک بۆ کوردانی هەر چوار پارچە
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکار، شەڕی ئێستای بە "شەڕی کەرامەت" وەسفکرد و داوای لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە کرد، هاوشانی هێزەکانیان بوەستن و داکۆکی لە زمان، خاک و بەهاکانیان بکەن.
گوتیشی، "کوردی ئێستا کوردەکەی جاران نییە و بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە بوونی خۆمان دەکەین."
"خاک چۆڵ مەکەن"
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، حەسەن کۆچەر داوای لە هاونیشتمانییان کرد ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ نەکەن و رایگەیاند، "دەبێت کورد لەسەر خاکی خۆی بمێنێتەوە، چونکە نەیاران دەیانەوێ خۆڕادەستکردنمان بەسەردا بسەپێنن، بەڵام ئێمە دەستبەرداری خاکمان نابین."
پەیامێک بۆ هۆزە عەرەبەکان
حەسەن کۆچەر لە پەیامێکدا بۆ هۆزە عەرەبەکان جەختی لە پێکەوەژیانی مێژوویی کورد و عەرەب کردەوە و هۆشداری دا کە نەکەونە ناو داوی پیلانەکانی داعش، "هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر کورد، ئێمە بە عەرەبی ئەژمار ناکەین، بەڵکو وەک شانەی نووستووی داعش مامەڵەی لەگەڵ دەکەین."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، حەسەن کۆچەر هێرشبەرانی بە "دوور لە پرەنسیپە ئایینییەکان" وەسف کرد و داوای لە هەموو لایەک کرد چەک هەڵگرن و بۆ پاراستنی نەتەوە و کەرامەتیان بێنە مەیدانەکە.
گوتیشی، "ئەوانەی هێرش دەکەنە سەرمان، موسڵمان نین و هیچ پەیوەندییان بە موسڵمانانەوە نییە. ئەوانە بەنی ئومەیەن، ئەوان کچە کوردیان لەسەر باڵەخانە خستەخواەوە، ئەمانە هەر ئەوانەن کە هێرشیان کردە سەر ماڵباتی حەزرەتی محەممەدیش."