چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر: دایک و باوکی ئەو منداڵانەی لەسەر شەقام کار دەکەن دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر رایدەگەیێنێت، 60٪ی ئەو منداڵانەی لەسەر شەقام کاردەکەن، خێزانەکانیان هەژار نین. دەشڵێت، "هەر دایک و باوکێک منداڵەکەی ناچار بە کارکردن بکات، دەستگیر دەکرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026 یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی حەوت مانگە بڕیاری قەدەخەکردنی کارکردنی منداڵان لە شەقامەکانی هەولێر دەرچووە و لەو ماوەیەدا بەدواداچوونیان بۆ دۆخی 210 خێزان کردووە.
یوسف چاوشین گوتی، "لە قۆناخی یەکەمدا لە مانگی حوزەیرانەوە فۆرم بە 230 منداڵی سەر شەقام پڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی کار نەکەن، لە قۆناخی دووەمیشدا سەردانی خێزانەکانیان کراوە؛ کە 183 منداڵیان خەڵکی هەولێر بوون و ئەوانی دیکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون."
بەپێی ئامارەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر، لەنێو سەنتەری شاری هەولێر سەردانی 160 خێزان کراوە و لە سۆرانیش سەردانی نزیکەی 50 خێزان کراوە.
لەبارەی دۆخی دارایی ئەو خێزانانە، یوسف چاوشین ئاشکرای کرد، "لە کاتی بەدواداچوونەکانماندا دەرکەوتووە، 60٪ی ئەو خێزانانەی کاریان بە منداڵەکانیان کردووە لەسەر شەقام، هەژار نین و بارودۆخیان مامناوەند بووە؛ تەنیا 40٪یان هەژار بوون."
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر هۆشداری دەداتە دایک و باوکان و دەڵێت، "ئەگەر دەرکەوت خێزانێک هەژار نییە و کار بە منداڵەکەی دەکات، دوای ئاگادارکردنەوە ئەگەر پابەندی بڕیارەکە نەبوو، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ پۆلیس هەیە و دایک و باوکی منداڵەکە دەستگیر دەکرێن."
سەبارەت بەو خێزانانەشی کە هەژارن، یوسف چاوشین ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ دەزگا خێرخوازییەکان هاوئاهەنگییان هەیە و مانگانە بڕێک پارەیان بۆ دەبڕدرێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەنێرنە سەر شەقام.
رۆژی 11ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریان دا بە قەدەخەکردنی کارکردن و سواڵکردنی منداڵان لە شەقام و ترافیکەکان.