کۆمەڵی دادگەری داوای کۆبوونەوەی بەپەلە لە حیزبەکان دەکات لەبارەی رەوشی رۆژئاوا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، داوای لە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کردووە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026 عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کردووە بۆ کۆبوونەوەیەک لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان.
عەبدولستار مەجید گوتیشی، "ئێستا رۆژئاوا بە دۆخێکی زۆر دژوار و هەستیاردا تێدەپەڕێت، بۆیە دەبێت ئێمە [حیزبەکان] لە باشووری کوردستان، هەڵوێست و روانینەکانمان لەوبارەوە بکەینە یەک."
رۆژی 16ی کانوونی دووەم، سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی، هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر سنووری قەڵەمڕەویی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا بوون.
سەرەڕای ئەوەی هەسەدە کشاوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات (رۆژئاوای کوردستان)، بەڵام هێشتا هێرشەکان نەوەستێنراون و بەردەوامن.