هەسەدە هێرشێکی 'شانە نووستووەکانی داعش'ـی بۆ سەر زیندانی پیشەسازی لە حەسەکە تێکشکاند

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ، پێکدادانی سەخت لە دەوروبەری زیندانی پیشەسازی لە شاری حەسەکە روویداوە. 
 
ئەو فەرماندەیە ناونەهێنراوە گوتی، لە زیندانی پیشەسازیی دا نزیکەی 5,000 چەکداری بیانیی داعش بەندکراون کە خەڵکی وڵاتانی ئەورووپی، میسری و چەندین وڵاتی ئەفریقی و ناوچەی دیکەن. فەرماندەکەی هەسەدە گوتی، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە "هێرشەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە شانە نووستووەکان بکەن لە نزیکبوونەوە لە زیندانەکە."
 
ئەم هێرشەی داعش بۆ سەر زیندانی حەسەکە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە گەیشتە ترۆپکی مەترسی. هەسەدە کشانەوەی هێزەکانی لە کەمپی هۆل راگەیاند، کە زیاتر لە 24,000 کەسی تێدایە و دیمەنی چوونە ناوەوەی سوپای سووریا بۆ ناو کەمپەکە بڵاوکرایەوە.
 
هاوکات، لە دوێنێوە بارودۆخی زیندانەکان بەم شێوەیە بووە:
 
زیندانی شەدادی: هەسەدە کۆنترۆڵی لەدەستدا و فەرهاد شامی دەڵێ، 1,500 داعش ئازاد کراون. دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەمریکا رێگری لە "کارەساتێکی گەورە" کردووە، سووریاش دەڵێ، 81 لە هەڵاتووەکانیان گرتووەتەوە.
 
زیندانی ئەقتان لە رەققە: ئەمرۆ بە 5 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە لایەن سوپای سووریاوە بۆردومان کرا و ئیلهام ئەحمەد داوای لە واشنتن کرد بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەو زیندانە بگرێتە ئەستۆ.
 
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، کاژێر 20:00ـی ئەمشەو سێشەممە 20-01-2026، ئاگربەستێکی چوار رۆژە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە تێیدا بڕیاردراوە سوپای سووریا نەچێتە ناوچە کوردنشینەکانەوە.