راپۆرتێک لەبارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە: 25,000 کەس ئاوارە بوون

رووداو دیجیتاڵ

ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە. کۆمەڵەی تەبایی (Synergy)ـی سووریایی بۆ قوربانییان، لە راپۆرتێکی نوێدا دەڵێ، لە چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون لە شارەکانی رەققە و تەبقەوە بەرەو پارێزگەی حەسەکە، بەتایبەتی بۆ شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ دەستیپێکردووە.
 
ئاوارەبوون و دۆخی ناوەندەکانی حەوانەوە
بەپێی داتا مەیدانییە پشتڕاستکراوەکان کە راپۆرتەکە پشتی بە زانیارییەکانیان بەستووە، لە کەمتر لە 48 کاژێردا زیاتر لە 25,000 کەس ئاوارە بوون کە زۆرینەیان (زیاتر لە 20,000 کەس) گەیشتوونەتە حەسەکە و قامشلۆ. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەم خێزانانە لە دۆخێکی یەکجار سەختدا گەیشتوون و رووبەڕووی کەمیی تووندی شوێنی نیشتەجێبوون، خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان بوونەتەوە."
 
کۆمەڵەکە دەڵێ، ئێستا ئاوارەکان لە 111 ناوەندی حەوانەوەی بەکۆمەڵ لە سەرتاسەری پارێزگەی حەسەکە دابەشبوون کە بەم شێوەیەیە:
 
18 ناوەند لە شاری حەسەکە، 77 ناوەند لە قامشلۆ، 10 ناوەند لە دێرک، 5 ناوەند لە عاموودا و 1 ناوەند لە تل حەمیس. 
 
کۆمەڵەکە دەڵێ، ئەم ناوەندانە کە زۆربەیان قوتابخانە و باڵەخانەی گشتین، زۆر قەرەباڵخن و خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و تەندروستییان تێدا نییە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆسەی خوێندن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
 
گەمارۆی سەر کۆبانی و بڕینی خزمەتگوزارییەکان
بەگوێرەی کۆمەڵەکە، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارێزگای حەسەکە و شاری کۆبانی رووبەڕووی گەمارۆیەکی راستەقینە بوونەتەوە و "لە شاری کۆبانی هێڵەکانی ئاو و کارەبا بڕدراون، ئەمەش مەترسیی گەورەی بۆ سەر ژیانی منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشەکان دروست کردووە." 
 
پارێزگای حەسەکە پێشتریش میوانداریی دەەیان هەزار ئاوارەی سەرێ کانی و عەفرینی دەکرد، کە لە کەمپەکانی (واشۆکانی) و (تەلایەع) نیشتەجێن و ئێستا ئەم شەپۆلە نوێیە باری سەرشانی ناوچەکەی قورستر کردووە.
 
پێشێلکارییەکان و بێسەروشوێنبوونی 500 کەس
کۆمەڵەی تەبایی بەڵگەی "پێشێلکاریی گەورە"ـی لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریاوە تۆمار کردووە، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات. پێشێلکارییەکان بریتین لە سووکایەتیکردن بە سڤیلەکان، هەڕەشە، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و کوشتنی دەیان سڤیل کە منداڵ و ژنیان تێدایە.
 
ئەم ڕێکخراوە ونبوون یان بێسەروشوێنکردنی نزیکەی 500 کەسی تۆمارکردووە، کە 28یان ژنن. 
 
بەشی زۆری ئەم رووداوانە پەیوەستن بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026 دەستیان پێکرد و لە 10ـی هەمان مانگدا بووەهۆی کۆنترۆڵکردنی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریاوە.
 
راسپاردە و داواکارییەکان
کۆمەڵەی تەبایی هۆشدارییەکی بەپەلە دەدات و دەڵێ: "بەردەوامیی ئەم هەڵکشانە سەربازییە رەنگە ببێتەهۆی پاکتاوی نەتەوەیی و شەڕی نێوخۆیی فراوان."
 
راپۆرتەکە داوای ئەم هەنگاوانە دەکات:
 
- راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێمەرج و پاراستنی ژێرخانی سڤیل.
 
- کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان.
 
- رێگری لە بەکارهێنانی ئاو و کارەبا وەک ئامرازی سزادانی بەکۆمەڵ.
 
- دابینکردنی پاراستنی تایبەت بۆ کورد و کەمینەکان کە رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بوونەتەوە.
 
- داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەڤانان دەکرێ، رێگری لە بڵاوکردنەوەی گوتاری رقوکینە و هاندان بۆ تووندوتیژی بکەن.