بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی 48 کاژێر مۆڵەت دەدەنە عەلی قەرەداخی؛ عەلی قەرەداخیش روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

راگەیێندراوێک بەناوی بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ناڕەزایی بەرامبەر هەڵوێستی د. عەلی قەرەداخی دەردەبڕن و دەڵێن، ئەگەر لە 48 کاژێردا داوای لێبووردن نەکات، بایکۆتی خوێندن لە زانکۆکە دەکەن. د. عەلی قەرەداخیش دەڵێ، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە فەتوای کوشتنی کوردی داوە، "بێ بنەمان".
 
رۆژی سێشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2026، ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی راگەیێندراوێکیان لەبارەی هەڵوێستی ئەم دواییەی د. عەلی قەرەداخی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ژمارەیان لە 2000 خوێندکار زیاترە و لە سەرجەم بەش و کۆلێژەکان خوێندکارن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە وەک رۆڵەی ئەم نیشتیمانە، قسەی ناڕەوا دژی میلەتەکەمان قبووڵ ناکەین، هەرچەندە زانکۆکەمان وەک سەرچاوەیەک بۆ زانست و فێربوون بینیوە، بەڵام بەردەوام ناڕازی بووین لە بێهەڵوێستی و هەندێک لێدوانی عەلی قەرەداخی."
 
لەبەرامبەردا د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ:  "جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە لە مێژووی عەلی قەرەداخیدا رۆژێک نەبووە فەتوایەک دەربکەم بۆ زاڵمێک یان حاکمێک بۆ کوشتنی هیچ کەسێک، بەتایبەتی کورد بێت یانیش عەرەب."
 
د. عەلی قەرەداخی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "تەحەدا دەکەم" کە شتێکی وای کردبێت و دەڵێ، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە فەتوای کوشتنی کوردی داوە، "بێ بنەمان".
 
سەبارەت بە هەڵوێستی لەسەر دۆخی سووریا، د. عەلی قەرەداغی روونیکردەوە کە داوای لە هەریەک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کردووە رێککەوتنەکەی نێوانیان جێبەجێ بکەن.
 
هەڵوێستی ئەو خوێندکارانە لە کاتێکدایە، عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک نووسیبووی، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ دیمەشق نەبووە، بۆیە بەرپرسیارێتیی رووداوەکان لەئەستۆی ئەو هێزەدایە.
 
خوێندکارە ناڕازییەکان د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی دەستەی ئەمینداری زانکۆکە بەوە تۆمەتباردەکەن کە کارەکانی گەیشتوونەتە ئاستی "دژایەتی و وەستانەوە بەرامبەر نەتەوەکەی خۆی"، بۆیە سەرکۆنەی ئەو هەڵوێستانە دەکەن.
 
خوێندکارانی ئەو زانکۆیە مۆڵەتی 48 کاژێریان بە د. عەلی قەرەداخی داوە و دەڵێن: "دەبێت پاشگەز ببێتەوە لە هەڵوێستەکەی و روونکردنەوە بدات و داوای لێبووردن بکات. بەپێچەوانەوە، بایکۆتی خوێندن لە زانکۆکە دەکەین و رێگە نادەین هیچ وانەیەک لەم شوێنە بگوترێتەوە."
 
عەلی قەرەداخی لە روونکردنەوەکەدا دەشڵێت: "کاتێک ئەحمەد شەرع بڕیارەکانی دەرکرد، ئێمە پشتگیریی ئەو بڕیارانەمان کرد کە پەیوەندی بە مافی کوردەوە هەیە، وەک زمان و ناسنامە، بە هیچ شێوەیەک من فەتوام بۆ کوشتن نەداوە. من موفتی سووریا و شێخ ئەحمەد نیم، من موفتیم بۆ خوای گەورە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی قەرەداخی نیگەرانیی خۆی لەو هێرشانە دەربڕی کە دەکرێنە سەری و گوتی: "زۆر گلەییم لەو کەسانە هەیە کە بەبێ دڵنیابوونەوە جنێو دەدەن، داوا دەکەم پەشیمان ببنەوە چونکە جوان نییە. ئایا دروستە ئێمە 40 ساڵە خزمەت بکەین و بەهۆی یەک وشەوە کە خراوەتە پاڵمان، جنێومان پێ بدەن؟"
 
هەروەها عەلی قەرەداخی تۆمەتی دایە پاڵ هەندێک دەزگای راگەیاندن بەوەی "قسەکانیان دەستکاری کردووە و بابەتێکی تایبەتیان کردووە بە گشتی."
 
زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی (UHD) زانکۆیەکی ناحکومیـیە لە پارێزگای سلێمانی و لەلایەن د.عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمانەوە دامەزراوە و سەرۆکایەتی دەستەی ئەمینداری زانکۆکە دەکات.
 
زانکۆکە ساڵی 2008 بە فەرمی مۆڵەتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان وەرگرت و لە چەندین کۆلێژ پێکهاتووە لەوانە، کۆلێژی زانست و تەکنۆلۆژیا، یاسا و رامیاری، کارگێڕی و ئابووری، زمانەکان و پەروەرد