پێشبینیی کەشناسی؛ پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت و شەختە دروست دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری لە دابەزینی زۆری پلەی گەرما دەدات و رایدەگەیێنێت، ئەمشەو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر و شەختە و بەستن دروست دەبێت، هەروەها لە 23ـی مانگیشەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی بەفربارین دەستپێدەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام بارستە هەوایەکی سارد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زاڵ دەبێت و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو بارستە هەوا ساردەوە "ئەمشەو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و بەستن."
 
سەبارەت بە ئەگەری بارینی بەفر، محەممەد کەمال گوتی: "لە نیوەڕۆوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ، لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین پڕووشە بەفری ناو بە ناو دەبارێت."
 
جەختیشی کردەوە کە بەهۆی ئەوەی شەوی رابردوو هەموو شوێنێک بەستوویەتی و کەشوهەوا زۆر ساردە، "داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم نەچنە ناوچە شاخاوییەکان."
 
بەگوتەی ئەو شارەزایە، ئەم شەپۆلە سەرمایە تاوەکو 26ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بەڵام گۆڕانکاریی سەرەکی لە رۆژی 23ـی مانگەوە دەبێت. محەممەد کەمال دەڵێت: "لە 23ـی مانگەوە دووبارە شەپۆلێکی بەرفراوانی بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
 
ئەو شارەزایە پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلە نوێیە بەشێوەیەکی "تەواو" سلێمانی، راپەڕین، ناوچە شاخاوییەکان، ئیدارەی سۆران و تاوەکو لای سنووری کەرکووک و گەرمیانیش بگرێتەوە و بەفریان لێ ببارێت، هاوکات لە ناوچە نزمەکانیش ئەگەری بارانبارین هەیە.
 
شەوی رابردوو، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە هاونیشتمانییان و شۆفێران و رایگەیاند، لە 48 کاژێری داهاتوودا بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە شەقامەکان دەیبەستن و مەترسیی رووداوی هاتووچۆ هەیە.