د. عەلی قەرەداخی: من نەتەوەپەرست نیم

 
رووداو دیجیتاڵ

د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەڵێت، لەلایەن هەندێک کەسەوە تۆمەتبار کراوە بەوەی نەتەوەپەرستە و پشتیوانی لە گرووپی عەلمانی و جوداخواز دەکات. بەڵام ئەو دەڵێت، نەتەوەپەرست نییە، بەڵکو تەنیا کار بۆ یەکێتیی هەموو موسڵمانان دەکات.
 
بابەتەکە چییە؟
 
ماوەیەک لەمەوبەر، زانایەکی تورک بەناوی محەممەد گۆرمەز لە یەکێتیی زانایان دەستی لەکارکێشایەوە. دوای ئەوە، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، گوایە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەوە بووە کە د. عەلی قەرەداخی پشتیوانیی لە "گرووپێکی کوردیی عەلمانی" کردووە لە سووریا، کە مەبەست لێی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە، کە لەم چەند هەفتەیەدا کەوتووەتە بەر هێرشی فراوانی سوپای عەرەبیی سووریا.
 
بەڵام د. عەلی قەرەداخی دەڵێت، ئەم قسەیە "بوختانێکی گەورە" و "درۆیەکی زەقە." هۆکاری راستەقینەی رۆیشتنی زانا تورکەکە ئەوە بووە، پۆستێکی گەورەی لە زانکۆیەکدا وەرگرتووە.
 
قەرەداخی چۆن وەڵام دەداتەوە؟

د. عەلی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت:
 
• "من نەتەوەپەرست نیم و هەرگیز ناتوانم بەرگری لە شتی هەڵە، حیزبی عەلمانی، زیانگەیاندن بە ئوممەتی ئیسلامی، یان جیابوونە لە هیچ وڵاتێک بکەم."
 
• جەخت دەکاتەوە کە ئەو کار بۆ "یەکگرتوویی هەموو موسڵمانان" دەکات.
 
• باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت، "من لە منداڵییەوە قورئانم لەبەر کردووە و لە خێزانێکی دینداردا گەورە بووم، هیچ کاتێک باوەڕم بە بیرۆکەی نەتەوەپەرستی، عەلمانی، یان نەژادپەرستی نەبووە."
 

کێشەکە لە کوێوە دەستیپێکرد؟

دوای ئەوەی کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا فەرمانێکی دەرکرد بۆ داننان بە بەشێک لە مافەکانی کورد، د. عەلی قەرەداخی دەستخۆشیی لێ کرد و بە "هەنگاوێکی پیرۆز" ناوی برد.

پێشتریش، د. عەلی قەرەداخی داوای وەستاندنی شەڕی نێوان حکومەتی راگوزەر و هەسەدەی کرد و هیوای خواست گفتوگۆ بکرێت. زانا کوردەکە پێیوایە، پێویستە کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان ببنە بەشێک لە سووریایەکی یەکگرتوو، نەک جیاببنەوە.

هەندێک کەس قسەکانیان وا لێکداوەتەوە کە قەرەداخی پشتیوانیی هەسەدەی کردووە.