لە سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان ئاوی گلدراوە نەگەیشتووەتە ئاستی پار
رووداو دیجیتاڵ
لە سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان کە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەترسێجا ئاویان هەیە، تائێستا سێ ملیار مەترسێجا ئاو گلدراوەتەوە؛ لە بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆکیش، ئاستی ئاو نەگەیشتوونەتەوە ئاستی پار.
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە. بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت بەراورد بە پار کەمیکردووە.
رۆژی دووشەممە 20-2-2023، کۆچەر جەمال تۆفیق، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئاوی بەنداوەکە کەمێک زیاترە لە دوو ملیار مەتر سێجا، 31%ـی بەنداوەکە ئاوی تێدایە. پار تاوەکو ئەم کاتە 32٪ بۆ 33% ئاوی تێدابوو. بەگشتی ئاستی ئاوەکە یەک مەتر و 20 سانتیمەتر لە پار کەمترە".
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە، ئێستا ملیارێک و 27 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، ئەم بەنداوەش بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار، ئاوی کەمتری تێدایە.
هاوکات سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ ئاوی گلدراوە نەگەیشتووەتە ئاستی پار. هۆکار زۆرن؛ یەکێک لەوانە گرتنەوەی ئاو بووە لەلایەن ئێرانەوە، کە یەکێکە لە سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوەکە؛ بەگشتی 54 ملیۆن مەتر سێجامان ماوە بگەیەنەوە ئاستی پار".
ئاوی بەنداوی دهۆکیش هاوشێوەی دوو بەنداوەکەی دیکە کەمیکردووە، بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، ئێستا 19 ملیۆن و 700 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە و 60%ـی بەنداوەکە بەتاڵە.
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەم کاتە، ئاوی بەنداوەکە کەمیکردووە. ئێستا 19 ملیۆن و 700 هەزار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا هەیە، هەمان رێککەوتی پار 20 ملیۆن و 700 هەزار مەتر سێجار ئاوی تێدابوو".
یەکێک لە هۆکارەکانی کەمیی ئاو بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار، ئەوەیە ساڵی رابردوو چەند جارێک شەپۆلی بارانی بەهێز لە مانگی یەکدا باری و بووە هۆی گلدانەوەی ئاوی زیاتر.
ئەمساڵ جگە لە بارانبارین، بەفریش لە بەشێکی هەرێمی کوردستان باریوە، بەڵام وەکو بەرپرسانی بەنداوەکان دەڵێن وەکو پێویست نەبووەتەوە ئاو و بەنداوەکان سوودیان لێنەبینیوە.
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، گەورەترینیان بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانن؛ بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی دروستكراوە و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە دروستكراوە، بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکراوە.