وەزارەتی پەروەردە: پێنج نمرە دەدرێتە قوتابیانی 12ـی ئامادەیی بۆ بەشداربوون لە تاقیکردنەوە گشتییەکان
رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە پێدانی پێنج نمرەی بڕیار بۆ قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەمەبەستی وەرگرتنی مافی بەشداربوونیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکان.
بڕیارەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 20-02-2024ـی دەرکراوە و واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و ئاماژە بەوە کراوە، هەموو بەشەکانی 12ـی ئامادەیی دەگرێتەوە.
تریفە محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە تەنیا بۆ بەشداربوونە لە تاقیکردنەوە وزارییەکان و پەیوەندی بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵەوە نییە".
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی گوتی، بڕیارەکە بەجۆرێکە، ئەگەر قوتابییەک لە سێ وانەدا بکەوێت و لە وانەیەکیشدا پێویستی بە پێنج نمرە بێت، ئەوە بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکات.
بڕیارەکە لە کاتێکدایە، خوێندنی ساڵی 2023 – 2024 لە 13ـی ئۆکتۆبەری پارەوە دەستیپێکردووە و لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی ناوچەکە خوێندن ئاسایی بووە، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە خوێندن لەکاتی خۆیدا دەستیپێنەکرد.
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی گوتی، بڕیارەکە بەجۆرێکە، ئەگەر قوتابییەک لە سێ وانەدا بکەوێت و لە وانەیەکیشدا پێویستی بە پێنج نمرە بێت، ئەوە بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکات.