دادگەى باڵای فیدراڵى بڕیارێکى لە بارەى کەرکووکەوە دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵای فیدراڵیى عێراق بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى ناچار کرد بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق وردبینى لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک بکات. لە هەمانکاتدا سکاڵایەکى دیکەى لەبارەى ئەو تۆمارە رەتکردەوە.
ئەو دادگەیە 19ى شوباتی 2024 تاوتوێى سکاڵایەکى کرد، کە لەلایەن حەسەن تۆرهان، سەرۆکى بەرەى تورکمانى لە دژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمارکرابوو، تێیدا داواى کردبوو کۆمیسیۆن ناچار بکات وردبینى لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک بکات.
دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاریدا کۆمیسیۆن ناچار بکات بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق وردبینى لە تۆمارى دەنگدەران تەواو بکات، بە پشتبەستن بە مادەى 13 لەیاسای هەموارى سێیەمى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجوومەنى پارێزگا و قەزاکان.
بەگوێرەى ئەو مادەیەی یاساکە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکانى ناوخۆ، تەندروستى، بازرگانى، داد، پلاندانان، لەگەڵ نوێنەرانى پێکهاتەکانى کەرکووک لە پەرلەمانى عێراق پێکهێندرا بۆ وردبینیی تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک و وردبینییەکەش کرا.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە نەیوست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو ماوەیەى دیاریکرابوو بۆ ئەوەى وردبینى لە تۆمارى دەنگدەران بکرێت، هیچ تانەیکیان پێنەگەیشتووە و بەوپێیەى بە شێوەى بایۆمەترى ئەو تۆمارە ئامادەکراوە و کێشەى تێدا نییە.
ئەو سەرچاوەیە گوتى: "ئەو لێژنەی پێشتر پێکهنێدراوە بۆ وردبینیى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک کارایە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان دەستبەکاردەبێتەوە و هەر تێبینیەک هەبێت لە بارەى خەوشى نێو تۆمارى دەنگدەران دەتوانرێت تانەى لێ بدرێت" .
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 10ى تشرینى یەکەمى 2021 کرا و تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان لە ساڵى 2025 کۆتایی دێت.
لە کۆبوونەوەکەى 19ى شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵاى دیکەى یەکلا کردەوە لە دژى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک تۆمارکرابوو، بەڵام سکاڵاکەی رەتکردەوە.
سکاڵاکە لەلایەن ئەمیل بوترووس قوستەنتین پێشکێش کرابوو، کە بەربژێرى کۆتای کریستیانەکان بوو بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک.
سکاڵاکارەکە داواى کردبوو ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک هەڵبوەشێندرێتەوە، پاساوەکەش ئەوەیە گوایە کۆمیسیۆن وردبینیی لە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە نەکردووە و داواشی کرد بوو کە وردبینى لەو تۆمارەدا بکرێت کە لەسەر بنەماکەى هەڵبژاردنەکە کراوە.
دادگەى فیدراڵى داواى رەتکردنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى رەتکردەوە بە پاساوى ئەوەى لە تایبەتمەندى ئەو دادگەیە نییە، دواکارییەکەى دیکەى نێو ئەو سکاڵاکەشی بۆ وردبینی لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک رەتکردەوە بە پاساوى ئەوەى داواکارییەکە "لە جێگەى خۆیدا نییە".
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ـی کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو، لە کۆى 16 کورسییەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، یەکێتى پێنج کورسی و پارتى دوو کورسی ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێنا.
هاوپەیمانیی عەرەبییە سێ کورسی بەدەستهێنا؛ هاوپەیمانى عرووبە یەک کورسی و هاوپەیمانیى قیادە دوو کورسیان بردەوە؛ بەرەى تورکمانى یەکگرتوو دوو کورسی ئەنجوومەنى پارێزگاى هەیە، بزووتنەوەى بابلیون تاکە کورسی کۆتای کریستیانەکانى کەرکووکى بردەوە.