دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوو کەس بە تۆمەتی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ" دەستگیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سنووری ئاسایشی رۆژئاوا [ـی سلێمانی]، دوو کەسی بە تۆمەتی بەقاچاخ گواستنەوەی حەوت کەسی بیانی دەستگیرکردووە.
 
ئەگەرچی دوێنێ دەستگیریان کردوون، بەڵام دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.
 
تێیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە، لە سنووری ئاسایشی رۆژئاوا، توانییان حەوت کەس دەستگیر بکەن، کە "بە قاچاخ لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا شاردرابوونەوە و هەوڵدەدرا بە نایاسایی سنوور ببەزێنن".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، ئەو دوو تۆمەتبارە بۆ گواستنەوەی حەوت کەسە بیانییەکان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکسی بێ سەرەتایان بەکارهێناوە، هەروەها بە قاچاخ پاسپۆرت، پلە و ناسنامەی سەربازییان بۆ خۆیان دەرکردووە. ئەمە جگە لە دەستگرتن بەسەر دەمانچەیەکی بێ مۆڵەتیشدا.
 
ئاسایش دەڵێت، ئێستا تۆمەتباران بە یاسای نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، یاسای ژمارە 28ـی ساڵی 2012ـی هەرێمی کوردستان و یاسای 15ـی ناسنامە راگیراون.
 
بەگوێرەی یاسا، ئەوانەی بە قاچاخ کەسانی بیانی کە هاتنەژوورەوەی یاساییان نییە، لە سنووری وڵاتان دەگوازنەوە، کارەکەیان وەکو بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەناسرێت.