باکووری کوردستان؛ ئەم ساڵ 100 هەزار قوتابی وانەی بژاردەی زمانی کوردی هەڵدەبژێرن
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا و باکووری کوردستان، وادەی تۆمارکردنی ناوی قوتابیان بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی کوردی بە هەردوو شێوەزاری (زازاکی و کورمانجی) بۆ ساڵی خوێندنی 2027-2026 لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوبات دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ خۆتۆمارکردنی قوتابیان، پێشبینی دەکرێت 100 هەزار قوتابی وانەی بژاردەی زمانی کوردی هەڵبژێرن.
رۆژی 9ـی شوباتی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی بنەڕەتیی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، نووسراوێکی ئاراستەی قوتابخانەکان کرد و داوای لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کرد تاوەکو 20ـی شوبات داواکاریی خێزانەکان بۆ وانە بژاردەکانی پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8 وەربگرن و لە سیستمی ئەلیکترۆنی تۆماری بکەن، بۆ ئەوەی بەگوێرەی داواکارییەکان پەرتووکی پێویست ئامادە بکرێن.
14 ساڵە وانەی بژاردەی کوردی هەیە و تەنیا 157 مامۆستای هەن
لە تورکیا مافی وانەی بژاردەی کوردی لە ساڵی 2012 بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام ژمارەی مامۆستایان وانەکە لە ئاست ژمارەی قوتابیاندا نییە.
لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ئێستا، بە گشتی 213 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون. لەو ژمارەیە، 45 مامۆستایان بواری کارکردنیان گۆڕیوە و وازیان لە وانەگوتنەوەی کوردی هێناوە و 10 مامۆستاشیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. ئێستا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان، بە گشتیی 157 مامۆستای میلاکی زمانی کوردی هەن. لەو مامۆستایانە، 39ـیان بە شێوەزاری زازاکی و 118ـیان بە شێوەزاری کورمانجی وانە دەڵێنەوە.
مامۆستایانی زمانی کوردی، بەهۆی کەمیی ژمارەی دامەزراندنەوە، رووبەڕووی گرفتێکی گەورە بوونەتەوە.
"6 ساڵە چاوەڕێی دامەزراندنم"
فاتمە شاهین، مامۆستای خەڵکی ئاگری، بە خەونی بوون بە مامۆستای زمانی کوردی، لە ساڵی 2020ـدا بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی لە زانکۆی ئارتوکڵوی مێردین تەواوکرد. بەڵام دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر دەرچوونیدا، هێشتا دانەمەزراوە.
فاتمە شاهین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەش ساڵە ناچارم کاری جیاواز بکەم. سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونە، دانەمەزراندن مرۆڤ تووشی نائومێدییەکی گەورە دەکات. گەورەترین خەونی من ئەوەیە وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی دابمەزرێم، بگەمە قوتابییە کوردەکان و لە قوتابخانەکاندا بچمە پۆلەوە و وانەی کوردییان پێبڵێمەوە."
زمانی کوردی پێویستی نە 400 مامۆستایە
لە کاتێکدا 157 مامۆستا لەسەر کارن، 847 مامۆستای دەرچووی بەشەکانی زمانی کوردی، ساڵانێکە چاوەڕێی دامەزراندنن.
هودایی مۆرسومبول، مامۆستای زمانی کوردی، بە رووداوی راگەیاند، "14 ساڵە لە قوتابخانەکاندا وانەی کوردی هەیە. ئەم ساڵ 60 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئەو قوتابییانە، لانیکەم پێویستمان بە 400 مامۆستا هەیە، بەڵام تەنیا 157 مامۆستامان لەبەردەستە."
یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا، لە ئاداری 2025دا رایگەیاندبوو، هاووڵاتییان وانەی کوردی هەڵنابژێرن، بۆیە مامۆستای کوردیش دانامەزرێنن. بەڵام سەندیکاکانی پەروەردە رەخنە لەو بیانووەی وەزیر تەکین دەگرن.
سەرهات کڵچ، هاوسەرۆکی لقی ئامەدی سەندیکای پەروەردە و زانست (ئەیتیم-سەن)، دەڵێت: "کاتێک خێزانەکان دەچنە قوتابخانەکان و دەڵێن 'دەمانەوێت وانەی کوردی هەڵبژێرین'، بەرپرسانی قوتابخانەکان بە بیانووی 'مامۆستای ئەو وانەیە نییە کە هەڵیدەبژێرن' رێگرییان لێدەکەن. ئەگەر خێزانەکان پێداگیری بکەن، ئەمجارەیان پێیان دەگوترێت 'ئەگەر هەڵیبژێرن، وانەکانتان بە بەتاڵی دەمێننەوە'. لە کاتی دامەزراندنیشدا، وەزارەت بە بیانووی 'کەس وانەی کوردی هەڵنەبژاردووە تاوەکو مامۆستای بۆ دابمەزرێنین' خۆی لە بابەتەکە دەدزێتەوە. ئەم دۆخە بە روونی ئەوە نیشان دەدات خەڵک بە ئیرادەی خۆی ناتوانێت بگاتە وانەی کوردی."
پار 60 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردبوو، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ داواکارییەکان 100 هەزار تێبپەڕێنێت. لەگەڵ ئەم زیادبوونەدا، داواکارییەکانیش بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی زیاتر دەبن.
پێویستە دامەزراوە کوردییەکان ستراتیژییەکی هاوبەشی زمان دابڕێژن
باهۆز باران، زمانناس و نووسەر، لەبارەی وانەی بژاردەی کوردی و رەوشی گشتیی زمانی کوردی لە تورکیا بە رووداوی رایگەیاند، بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی لە تورکیا، پێویستە دامودەزگا کوردییەکان ستراتیژییەکی هاوبەش دابنێن.
باهۆز باران ئاماژەی بەوە کرد رەوشی ئێستای زمانی کوردی هەم بە سیاسەتەکانی دەوڵەت و هەم بە هەڵوێستی دامەزراوە کوردییەکانەوە پەیوەستە و گوتی: "لەلایەنی دەوڵەتەوە، هەرچەندە هەنگاوی وەک وانەی بژاردە نراوە، بەڵام پێویستە زمانی کوردی پارێزبەندیی یاسایی هەبێت و بە فەرمی بناسرێت. بەڵام ناتوانین هەموو شتێک تەنیا بە پاکتاوی زمان تێپەڕێنین؛ لەم حاڵەتەدا کوردیش بەرپرسیارێتیی هەیە."
باران باسی لەوە کرد دامەزراوە کوردییەکان پلانی هاوبەشیان نییە و سەرنجی خستە سەر ئەو بۆشاییەی لەنێوان داواکاریی خەڵک و کرداری دامەزراوەکاندا هەیە: "بەداخەوە سیاسەتی زمانی کورد لاوازە. بەپێی دوایین راپرسییەکان، 98٪ی خەڵک داوای خوێندن بە زمانی کوردی و مافی زمان دەکەن. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ستافی پسپۆڕ نییە بۆ گۆڕینی ئەم داواکارییە گەورەیە بۆ پڕۆژەی کرداری و پلانی ستراتیژی."
باهۆز باران پێشنیازێکی بۆ پێشخستنی ئەو پرسە هەیە و دەڵێت، پێویستە هەموو پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکانی پارێزەران و ژوورە پیشەییەکان پێکەوە 'رێکخراوێکی نوێی زمان' دابمەزرێنن. کوردی تەنیا بابەتێکی کولتووری نییە، بەڵکو دەبێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەبێت. سەندیکای پزیشکان و سەندیکای پارێزەرانیش دەبێت لەسەر زمانی کوردی کار بکەن. پێویستە دابەشکردنێکی هاوبەشی کار بکرێت و پلاندانانی زمان جێبەجێ بکرێت."
باران ئاماژەی بە کەموکوڕییە تەکنیکییەکانی فێرکردنی زمان کرد و رایگەیاند، لە سەردەمی دیجیتاڵیدا دواکەوتوون. گوتی: "دەمانەوێت خەڵک فێری زمانەکەمان بکەین، بەڵام 20 ساڵە هەمان کەرەستە بەکاردەهێنرێن. دەبوو ئەمڕۆ دەیان کەرەستەی نوێ، تەکنیکی مۆدێرن و ئەپلیکەیشنی مۆبایل هەبوونایە. کوردی تەنیا زمانێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو یەکێکە لە زمانەکانی جیهان و پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە شێوەیەکی پیشەییانە نوێنەرایەتی بکرێت."
لە قوتابخانەیەکی ئامەد 650 قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژارد
رۆژی 15ـی شوباتی 2026 لە قوتابخانەی تایبەتی حورییەت لە ئامەدی باکووری کوردستان، 650 قوتابی دەخوێنن و سەرجەمیان وانەی زمانی کوردییان وەک وانەی بژاردە هەڵبژاردووە. بۆ وانە گوتنەوە بەو سەتان قوتابییە، دوو مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندراون و دیوارەکانی قوتابخانەکەش بە نووسینی کوردی رازێندراونەتەوە.
قوتابییانی پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8ـی بنەڕەتی، لە ئەلفوبێی کوردییەوە تاوەکو ژمارە و رەنگەکان، پەندی پێشینان و چیرۆک و گۆرانیی کوردی فێردەکرێن. منداڵان بە گۆرانیی کوردییەوە بۆ وانەی کوردی ئامادە دەکرێن و گۆرانیی "شیرین و خۆشە زمانی کوردی" لەسەر زاریانە.
"ئەوانەی زمانی دایک دەزانن هەنگاوێک لە پێشن"
خەلات ئەرتووش، مامۆستای زمانی کوردی، ئاماژە بە گرنگی فێربوونی زمانی کوردی دەکات و دەڵێت: "لەنێو قوتابییەکانماندا، ئەوانەی زمانی دایکی خۆیان دەزانن، سەرکەوتووترن و هەر لە بنەڕەتدا متمانەیان بەخۆیان زیاترە. بەراورد بە هاوڕێکانیان هەمیشە هەنگاوێک لەپێشترن."
لە ئامەد زیاتر لە 100 قوتابخانەی تایبەت هەن، بەڵام قوتابخانەی ناوەندیی حورییەت تاکە قوتابخانەی تایبەتە کە وانەی کوردی تێدا دەگوترێتەوە. ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان دەنێرنە ئەم قوتابخانەیە، زمانی کوردی هەڵدەبژێرن.
ڤێدات کوشلای، بەڕێوەبەری کۆلێژی حورییەت، بانگەوازی ئاراستەی خێزانەکان کرد و گوتی: "دەمانەوێت منداڵان زمانەکەیان بە باشی بزانن و کولتوورەکەیان بە باشی بناسن. با دایک و باوکی منداڵانیش داوا لە قوتابخانەکانیان بکەن. داواکارییەکانیان بگەیێننە قوتابخانەکان. با وانە هەڵبژاردەییەکانی کوردی هەڵبژێرن."
لەو قوتابخانەیەدا دوو مامۆستای زمانی کوردی وانە دەڵێنەوە. هەریەکەیان هەفتانە 29 کاژێر وانەی کوردی بە منداڵان دەڵێنەوە.
هەڵبژاردنی وانەی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەی 100٪ زیادیکردووە
لە تورکیا و باکووری کوردستان، رێژەی ئەو کەسانەی وانەکانی کورمانجی و زازاکی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە نزیکەی 100٪ زیادیکردووە.
لە ساڵی خوێندنی 2024-2025دا، لە 196 قوتابخانەی فەرمیی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، 27 هەزار و 15 قوتابی وانەی کوردی بە شێوەزارەی کرمانجییان هەڵبژاردبوو و لە 30 قوتابخانەشدا سێ هەزار و 510 قوتابی وانەی کوردی بە شێوەزاری کرمانجکی هەڵبژاردبوو.
پار 50 هەزار و 809 خوێندکار وانەی کرمانجی و 8 هەزار و 563 خوێندکار وانەی زازاکی ـیان هەڵبژاردووە.
هودایی مۆرسومبول مامۆستا و چالاکڤانانی زمانی کوردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی کارکردن، خواست بۆ هەڵبژاردنی وانەکانی کرمانجی و زازاکی ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.
مۆرسومبول گوتی: "ئەم ساڵ لە زیادبوونی هەڵبژاردنی وانەکانی کرمانجی و زازاکی ـدا کاریگەریی کارەکانی هەدەپە و لقی سەندیکای پەروەردەی ئامەد زۆر بوو."
بەپێی ئەو ئامارانەی لە وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە وەرگیراون، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی وانەکانی کرمانجی و زازاکییان هەڵبژاردووە بەپێی پۆل بەم شێوەیەیە:
وەزارەتی پەروەردەی: لە 2014ـەوە 200 مامۆستای کوردی دامەزرێندراون
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لەنێوان ساڵانی 2014-2025 ـدا 200 مامۆستای کوردی دامەزرێندراون.
یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاراندا رایگەیاند، لە مامۆستایانەی دامەزرێندراون 153یان بۆ شێوەزاری کرمانجی و 47 مامۆستاش بۆ شێوەزاری کرمانجکی (زازاکی) دامەزرێندراون.
گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی وان، پرسیارێکی ئاراستەی یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا کرد سەبارەت بە وانەکانی "زمان و شێوەزارە زیندووەکان" کە لە قوتابخانەکاندا دەگوترێنەوە.
پرسیارەکەی ساییغیت، لەبارەی دوایین دۆخی وانەکانی زمانی کوردی بوو دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ساڵی خوێندنی 2012-2013 لە پرۆگرامی خوێندندا کران.
لە وەڵامی پرسیارەکەدا رایگەیاند، لە ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە 196 قوتابخانەی فەرمیی سەر بە وەزارەتەکەیان، 27 هەزار و 15 قوتابی وانەی بژاردەی کوردی شێوەزاری (کرمانجی)ـیان هەڵبژاردووە. هەروەها لە 30 قوتابخانەدا سێ هەزار و 510 قوتابی وانەی بژاردەی کوردی شێوەزاری کرمانجکی (زازاکی)ـیان هەڵبژاردووە.
لە 15 هەزار مامۆستا، تەنیا 6 مامۆستای زمانی کوردی
رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامی دامەزراندنی مامۆستایان لە تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ ساڵی خوێندنی 2025 - 2026 ئاشکرا کرا.
بەپێی ئەنجامەکان، لە پلەی یەکەمدا مامۆستای پۆل دێت بە چوار هەزار و 378 مامۆستا، دوای ئەویش پەروەردەی تایبەت بە سێ هەزار و 8 مامۆستا و وانەی ئایینی بە هەزار و 802 مامۆستا دێت.
لەو 15 هەزار دامەزراندنەدا تەنیا پێنج مامۆستا بۆ زاراوەی کورمانجی و یەک مامۆستا بۆ زاراوەی کرمانجکی (زازاکی) دامەزراوە.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.