فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ
 
فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان لە پارکی پێشمەرگەی هەولێر دەکرێتەوە. سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە دەڵێ، زیاتر لە 50 کۆمپانیا و دووکان تێیدا بەشدارن و 10٪ بۆ 50٪ داشکاندنیان بۆ نرخەکان کردووە. 
 
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 20-02-2026، فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان لەلایەن ئاژانسی مەڵتی میدیاوە لە پارکی پێشمەرگەی هەولێر بکرێتەوە. نوورا بیلال، بەڕێوەبەری بۆنەکان لە ئاژانسەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد رایگەیاند، فێستیڤاڵەکە 23 رۆژ بەردەوام دەبێ.
 
بەگوتەی نوورا بیلال، ئامانج لە فێستیڤاڵەکە رەخساندنی کەشێکی ئارام و خێزانییە بۆ دوای بەربانگ، ''هەروەها هاونیشتمانییان دەتوانن سەرجەم پێداویستییەکانی خۆیان بەتایبەتی لە بەشی خواردندا لە فێستیڤاڵەکەدا دابین بکەن.''
 
بەڕێوەبەری بۆنەکان لە ئاژانسی مەڵتی میدیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ 50 کۆشک بۆ کۆمپانیا و دووکانەکان ئامادە کراون، بۆ ئەوەی کاڵاکانی خۆیان نمایش بکەن، ''هەندێکیان 10٪ بۆ 20٪ و  هەندێکیان 50٪ـیش داشکاندنیان لە نرخەکاندا کردووە.''
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا، شوێنی یاریی منداڵان و گەنجان ئامادە کراوە و وەک نوورا بیلال گوتی، پلانیان بۆ بەڕێوەبردنی چەندین چالاکیی ئایینییش دەبێ هاوشێوەی مەولوود.
 
بەڕێوەبەری بۆنەکان لە ئاژانسی مەڵتی میدیا پێشبینی دەکات زیاتر لە 80 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن و دەشڵێت، ئەو کەسانەی سەردان دەکەن، دەتوانن دیارییەک بەدەست بهێنن کە رۆژانە پێشکێش دەکرێت.
 
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزانە کە رۆژانە لە کاژێر 17:30 خولەکەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو بەردەوام دەبێ.