توێژینەوەیەک لە سلێمانی: زمانی کوردی لەسەر تابلۆ بازرگانییەکان لە پلەی سێیەمە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک قوتابی لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی مامۆستایەکیان، توێژینەوەیەکیان لەسەر زمانی کوردی لەسەر تابلۆ بازرگانییەکان ئەنجام داوە و بەپێی ئەنجامەکەی، زمانی کوردی پلەی سێیەمی زمانەکانی وەرگرتووە. سەرپەرشتیارەکەیان دەڵێ، توێژینەوەکە دەگەیێننە هەموو شارەکان و ئامانجیانە هەموو تابلۆکان بە کوردی بکرێن.
توێژینەوەکە لەلایەن کۆمەڵێک لە قوتابیانی پۆلی 11ـی ئامادەیی جونیەر لە شاری سلێمانی ئەنجام دراوە، ماوەی جێبەجێکردنەکەی لە کۆتایی مانگی یەک تاوەکو سەرەتای مانگی دووی ئەم ساڵ بووە.
سەفەر مستەفا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەیە و ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکان لەلایەن خوێندکارەکانەوە هەمووی بە مەیدانی کراون و 425 وێنەی تابلۆکان گیراون، بەگوێرەی ئەوە داتاکان دانراون، نەوەکو هەڕەمەکی".
پلانی مامۆستا و خوێندکارەکان ئەوەیە، لە ئایندەدا ماڵپەڕێکی تایبەت بکەنەوە و تێیدا لەژێر ناوی (بیکە بە کوردی) کاربکەن بۆ پێشخستنی زمانی کوردی.
سەفەر مستەفا ئەوەشی گوت: "توێژینەوەکە بۆ دیاریکردنی رێژە و شێوازی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە رێکلامی بازرگانیی سەر دووکانەکان و ناوەندەکانی فرۆشتن لە ناوچەی ناوەندی بازرگانی، شەقامە سەرەکییەکان، گەڕەکەکان (هەژارنشین، مامناوەند و دەوڵەمەند)ـەکان کراوە".
بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە، رێژەی بەرچاوی تابلۆکان و بە پلەی یەکەم بە زمانی ئینگلیزییە، پلەی دووەم تابلۆی تێکەڵەی زمانەکانە، ئەو تابلۆیانەی بەتەواوی بە کوردی نووسراون، پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەیان گرتووە. هەروەها تابلۆی ناوی ئینگلیزی کە بە رێنووسی کوردی نووسراوە، پلەی چوارەمە.
سەفەر مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای چالاککردنی ماڵپەڕەکەیان، هەمان زانیاریی بۆ تابلۆ بازرگانییەکان لە هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک کۆدەکەنەوە.