بەرپرسێکی ناتۆ بۆ رووداو: هیچ خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانمان لە عێراق نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هاوپەیمانیی ناتۆ بە رووداوی رایگەیاند، شێوازی کار و چالاکییەکانی نێردەی ناتۆ لە عێراق (NMI) بە شێوەیەکی خولی پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی بۆ دەکرێت، ئەوەش لە پێناو گونجاندنی نێردەکە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بارودۆخەکە بۆ ئەوەی هەمیشە لەگەڵ ئامانجە سەرەکییەکەیدا بگونجێت. راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی لە ئارادا نییە.
رۆژی هەینی، 20ـی شوباتی 2026، ئەو بەرپرسەی ناتۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو جەختی لەوە کردەوە، ناتۆ لە عێراق بەردەوامە لە گێڕانی رۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکەدا.
بەرپرسەکەی ناتۆ گوتی: "ئەرکی ناتۆ، ئەرکێکی ناجەنگی، راوێژکاری و بونیادنانی تواناکانە کە یارمەتی عێراق دەدات بۆ بونیادنانی دامەزراوەی ئەمنی و هێزی چەکداریی بەردەوامتر، شەفافتر، گشتگیرتر و کاراتر؛ ئەمەش بە مەبەستی سەقامگیرکردنی وڵاتەکەیان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش."
بەرپرسەکەی ناتۆ ئاماژەی بەوەش دا کە هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان لەگەڵ عێراق "جەخت لەسەر ئەو بوارانە دەکەنەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دیاریکراون و ئێمە دەتوانین بەهای زیاتریان پێبدەین، لەوانەش: پەروەردەی ئەمنی، لۆجستی، بەرگریی سایبەر و حوکمڕانیی باش. هەموو هەوڵەکانی ئەرکی ناتۆ بە رێزگرتنی تەواوەوە لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق ئەنجام دەدرێن."
ئەرکی ناتۆ لە عێراق (NMI) بۆ یەکەمجار لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 و لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە لووتکەی برۆکسل دامەزرا، کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە پێشکەشکردنی راوێژ و مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەهێزکردنی دامەزراوە سەربازییەکان.
ژمارەی ئەو کارمەند و راهێنەرە سەربازییانەی لەو چوارچێوەیە لە عێراقن نزیکەی 500 کەسن.